له‌ پڕۆسه‌ی ئه‌نفالی گه‌لی كورددا زیاتر له‌ 182 هه‌زار هاووڵاتیی كورد له‌ناو بردران

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1937
image

14نیسانى هه‌موو ساڵێك رۆژى یادكردنه‌وه‌ى ئه‌نفال كردنى كورده‌ چونكه‌ له‌ 14ى نیسانى 1988 هێرشى ئه‌نفال كردنى كورد به‌ ئاستێكى ترسناك گه‌یشت و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ناوچه‌و گوندو ئاواییه‌كانى كوردستانى گرته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌ مێژووى هاوچه‌رخى كوردستاندا ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان داده‌نرێت .

ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌تاوانه‌ هه‌ره‌مه‌زنه‌كانى سه‌ده‌ى بیسته‌م ، تاوانێك بوو بۆ قڕ كردن و سڕینه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر خاك و نیشتیمانه‌كه‌ى ، رژێمى به‌عسى له‌نێو چوو له‌ 1ى شوباتى ساڵى 1988 تاكو 5ى ئه‌یلولى هه‌مان ساڵ له‌پیلانێكى نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو و به‌ هه‌شت قۆناغ تاوانێكى دوور له‌هه‌موو به‌ها ئاسمانى و مرۆیه‌كان ده‌رحه‌ق به‌نه‌ته‌وه‌ى كورد ئه‌نجامداو به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌سه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زار مرۆڤى كورد كه‌تاوانیان ته‌نها بریتى بوو له‌وه‌ى كه‌ كوردن به‌دڕندانه‌ترین شێوه‌ وه‌ك گوله‌باران كردن و زینده‌به‌چاڵ كردن له‌نێوبردن له‌گه‌ڵ خاپور كردن و سوتاندن و تاڵانكردنى زیاتر له‌ چوار هه‌زار گوند و دیهاتى كوردستان .

بۆ به‌زیندو هێشتنه‌وه‌و به‌رز راگرتنى گیانى ئه‌و مرۆڤانه‌ى بوونه‌ته‌ قوربانى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تى 14 نیسانى هه‌موو ساڵێك كراوه‌ته‌ رۆژى یادكردنه‌وه‌ى ئه‌نفالى گه‌لى كورد ، چونكه‌ له‌ 14ى نیسانى 1988 هێرشى ئه‌نفال كردنى كورد به‌ ئاستێكى ترسناك گه‌یشت و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ناوچه‌و گوندو ئاواییه‌كانى كوردستانى گرته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ مێژووى هاوچه‌رخى كوردستاندا ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان داده‌نرێت و هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى و جه‌ماوه‌رى له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى وڵات یادى سه‌دان هه‌زار مرۆڤى كورد ده‌كرێته‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسى عێراقه‌وه‌ به‌چه‌ند قۆناغێك و له‌ زنجیره‌یه‌ك هێرشى سه‌ربازیدا بێ سه‌روشوێن كراون، پاش ئه‌وه‌ى شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى عێراق ئێران به‌ره‌و ته‌واو بوون چوو له‌ 23 شوباتى 1988ه‌وه‌ رژێمى به‌عسى عێراق به‌مه‌به‌ستى قڕكردنى كوردو سڕینه‌وه‌ى بوون و مۆركى كوردایه‌تى به‌ هه‌رێمى كوردستانى عێراقه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ هێرشێكى سه‌ربازى نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوى ده‌ست پێكرد كه‌ به‌زۆرى ناوچه‌ گوندنشینه‌كانى كوردستانى گرته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بڕبڕه‌ى پشتى ژێرخانى ئابورى كوردستان و شۆڕشه‌كانى كوردستان بوون،

ئه‌و پیلانه‌دژ به‌مرۆڤایه‌تیه‌ش بریتى بوو له‌ جێبه‌جێ كردنى ستراتیژێكى سه‌ربازى فراوانتر جگه‌ له‌ جینۆساید كردنى كورد بۆ تێكدانى ژینگه‌و سروشتى كوردستان و لاواز كردنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردو شێواندنى كه‌سایه‌تى مرۆڤى كورد بووه‌و شه‌ڕێكى نامرۆییانه‌و توندوتیژوو نه‌خشه‌ بۆ كێشراو بوو له‌ دژى داب و نه‌ریت و به‌هاو ئاكارو مانا نه‌ته‌وه‌یى و مرۆدوستییه‌كان و هه‌مو ئه‌و به‌ها پیرۆزانه‌ى كورد كه‌ ده‌ره‌نجامى هه‌زاران ساڵ خه‌بات و ژیان بووه‌ ، له‌سه‌ر خاكى خۆى هێرشى به‌دناوى ئه‌نفاله‌كان ته‌نیا بێ سه‌رو شۆێن كردن و قه‌تلوعامكردنى 182هه‌زار هاولاتى مه‌ده‌نى كورد نه‌بوو به‌ڵكو تاڵان كردنى سه‌روماڵ و موڵك و سامانى ئه‌و هه‌زاران هاولاتییانه‌ بوو كه‌ له‌ سه‌ر خاكى خۆیان ده‌ژیان و له‌مه‌ش ترسناكتر هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو به‌ناوى كورد كه‌به‌درێژایى مێژوو رووبه‌ڕووى جۆره‌ها جه‌وروسته‌م بۆته‌وه‌ ، جیاكردنه‌وه‌ى ئافره‌ت و منداڵ و گه‌نج و پیره‌كان یه‌كێك بوو له‌شێوازه‌كان كه‌له‌پیلان و تاوانى به‌ناو ئه‌نفال دژى گه‌لى كورد ئه‌نجام درا ، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ى له‌ده‌ست مه‌رگى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان رزگاریان بوو باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌چاوى خۆیان دیویانه‌ ئه‌نفال چییه‌كان چۆن مندال و ئافره‌ت و پیاوه‌كانیان له‌ چاڵى گه‌وره‌ ناوه‌و له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ گوولله‌ بارانیان كردوون و دواتر به‌ شۆفڵ خۆڵ به‌سه‌ر ته‌رمه‌كانیاندا كراوه‌ و زۆرجار زینده‌ به‌ چاڵیشیان كردوون،

له‌ مێژوى كۆن و نوێدا كورد چه‌ند جارێك ئه‌نفال كراوه‌ به‌ڵام له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا و له‌ سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا رژێمى به‌عسى عێراق زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار كوردى فه‌یللى بێ سه‌رووشۆێن كردو هه‌زارانى تری ده‌ربه‌ده‌ر كردن، له‌ 31ى ته‌مووزى 1983ش رژێمى به‌عسى رووخاو زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار بارزانى بێ سه‌رو شۆێن كردو به‌هۆى هێرشى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كانى ناوه‌راستى هه‌شتاكانیشه‌وه‌ زیاتر له‌ 182هه‌زار هاولاتى كورد بێ سه‌روشۆێن كران و قڕكران ،

ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌و كاره‌ساته‌ مرۆییانه‌ى كه‌ له‌ دژى كوردو مرۆڤایه‌تیش كراوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان گیرۆده‌ى زۆر دیارده‌ى دزێوه‌ كه‌ زاده‌ى ئه‌و هێرشه‌ به‌دناوانه‌یه‌، ئه‌نفاله‌كان توندوتیژترین تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌، به‌لام تا ئێستاش له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بایه‌خی پێ نه‌دراوه‌ ، وێڕاى تێپه‌ڕبوونى بیست و چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ى دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد كاریگه‌ریه‌ سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌رونى و ژینگه‌یه‌كانى ئه‌و تاوانه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاى كوردستان ماوه‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ش ئاسان نیه‌.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دواى پرۆسه‌ى ئازاد كردنى عێراق و رووخانى رژێمى به‌عس و ده‌ستگیر كردن و دادگایكردنى سه‌رانى ئه‌و رژێمه‌ دواى وه‌رگرتنى گوته‌ى تاوانباران و ده‌سكه‌وتنى كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمى و نهێنیدا رژێمى به‌عس دانی به‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ و چۆنێتی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفال ناوه‌ و به‌سزا گه‌یاندنى ژماریه‌ك له‌تاوانبارانى تاوانى ئه‌نفال له‌نێویاندا سه‌دام حوسێنى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وساى عێراق و عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید ناسراو به‌ عه‌لى كیمیاوى.
به‌ڵام هێشتا گرتنه‌به‌رى رێوشوێنه‌كان بۆ سرینه‌وه‌ى ئاسه‌وارى ئه‌و تاوانه‌ى دژبه‌ گه‌لى كورد وه‌ك پێویست نین ، زۆرێك له‌تاوانباران به‌سزاى یاسایى خۆیان نه‌گه‌یێنراون ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ 24ى حوزه‌یرانى ساڵى 2007 دا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌نفالى وه‌ك جینۆساید ناساند و بڕیارى له‌ سێداره‌دانى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید و سوڵتان هاشم و حوسێن ره‌شید له‌گه‌ڵ به‌ند كردنى هه‌تا هه‌تایى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ سابیر عه‌بدولعه‌زیز و فه‌رحان موتڵه‌گ جبورى دیاریكرد و په‌رله‌مانى عێراق له‌ 14/4/2008 و سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش له‌ 10/9/2008 تاوانى ئه‌نفالیان به‌جینۆساید ناساند ، به‌و پێیه‌ش حكومه‌تى عێراقى فیدراڵ پابه‌ند ده‌كات به‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ى ماددى و مه‌عنه‌وى كه‌سوكارى قوربانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كان به‌ڵام تاكو ئێستا حكومه‌تى عێراق هیچ هه‌نگاوێكى له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌ناوه‌.


هه‌رچه‌نده‌ تاوانى ئه‌نفال بۆته‌ زامێكى قوڵ و پڕ له‌ئازار بۆ گه‌لى كورد و بۆته‌ په‌ڵه‌یه‌كى ره‌شیش بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى ، به‌ڵام خوێنى ئه‌و سه‌دو هه‌شتاو دووهه‌زار مرۆڤه‌ى كورد له‌ منداڵ و لاو و پیر هاوشان له‌گه‌ڵ خوێنى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى رێگاى رزگارى بوونه‌ هه‌وێنى هاتنه‌دى ئه‌مرۆى ئازادى و په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هێنانه‌ كایه‌ى ژیانێكى سه‌ربه‌ست و سه‌رفراز.