سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ (الحیاە): لە كۆبوونەوەیەكی سوپادا گوتویانە ئەگەر چەكی پێشكەوتوویان دەستبكەوێت ئامانجیان دەركردنی كورد دەبێت لە هەولێر

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1147
image

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نیدا تیشكی خسته‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی هه‌ستیار ده‌رباره‌ی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.
 

٭ لەدیدارەكەتاندا لەگەڵ سەرۆك ئۆباما و گفتوگۆكانتان لەگەڵ جێگری سەرۆك جۆزێف بایدن بە چ شێوەیەك بارودۆخی ئێراقتان گواستەوە؟ هەڵوێستی ئەمەریكاتان چۆن بینی؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئێمە دید و بۆچوونی خۆمان بەڕوونی بۆ هەردووكیان ڕوونكردەوە، لای من زۆر گرنگە ناسنامەی ڕاستەقینەی ئێراق بزانم، بزانم ئەوان دەیانەوێ لەگەڵ چ ئێراقێكدا مامەڵە بكەن وهەڵوێستیان لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە چییە، من هەڵوێستی هەرێمی كوردستانم بۆ گواستنەوە لەبارەی قەیرانی ئێستا و ئەوەی لەوانم بیست زۆر دڵخۆشی كردم وزیاتر لەبارەی پابەندبوونی ئەمەریكا لەبارەی ئێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەلایەن دڵنیای كردم. هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە كوردستان وگەلی كوردستان دووپاتكردەوە، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو. هەروەها بۆیانم ڕونكردەوە كە ئێراق ئەمڕۆ بەقەیرانێكی ڕاستەقینە تێدەپەڕێت و پرسەكە پێویستیی بە چارەسەری هەیە، قەیرانەكەش هەیە وا نەبێ دروستكرابێت، پێویستە چارەسەرییەكەش ئێراقی بێت و لەلایەن دۆستانی ئێراقەوە پاڵپشتیی لێبكرێت، چونكە ناكرێ چاوەڕوانیی ئەوە بكەین ئەمەریكا یان دەوڵەتێكی دیكە بێن چارەسەرییەك بۆ بارودۆخەكە بدۆزنەوە. بۆیە من پێشنیاری ئەوەم كرد سەركردەكانی ئێراق كۆببنەوە و بەچارەسەرییەك بۆ ئەم قەیرانە دەربچن. سەرۆك ئۆباما و بایدنی جێگریشی ئەم پێشنیارەیان لا پەسەندبوو، بێگومان بارودۆخی ئێستا بۆ ئێمە ویستراو نییە یان ئەوەیە بارودۆخ چارەسەر بكرێت یانیش ئێمە هەڵبژاردەی دیكەمان هەیە، بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە كارەساتە و واتای گەڕانەوەیە بۆ دیكتاتۆرییەت و قۆرخكردنی دەسەڵات لەهەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت بەپەراوێزكردنی كەسانی دیكە وەكو ئەوە وابێت ڕژێمی تازەی ئێراق بەدەست كەسێكەوە ڕووخێنرابێت و ئەوانی دیكەش لەسەر مەكڕەمەكانی سەركردەی تازە دەژین،ئەمەش بەڕاستی قابیلی قبووڵ نییە و مومكینیش نییە قبووڵبكرێت. ئێمە هەموومان خەباتمان لەپێناو ئێراقدا كرد، هەمووان خەباتیان كرد و هێزە سیاسییەكان لەدژی دیكتاتۆرییەتی سەددام جەنگان و قوربانییان دا بۆیە ناكرێ دەسەڵات بەمشێوەیە قۆرخ بكرێت.

٭ كە گەڕانەوە كوردستان داوای كۆبوونەوەی سەركردە ئێراقییەكان دەكەن، هەنگاوی دادێتان چییە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: كاتێك دەگەڕێمەوە كوردستان، داوادەكەم هەموو سەركردە ئێراقییەكان لە هەولێر یان لەهەر شوێنێكی دیكەكۆببنەوە، گرنگ ئەوەیە كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەموو سەركردەكان سازبكرێت، بێگومان كۆبوونەوەی ئێمە بۆ لێكۆڵینەوەیە لە ڕەوشەكە نەك بۆ موجامەلە یان دۆزینەوەی چارەسەری كاتی، یان ئەوەتا چارەسەری ڕیشەیی یان هەموو لایەك ڕێگای خۆی بزانێت. پێویستە خشتەیەكی كاتی دیاریكراو و كورت بۆ چارەسەری كێشەكە دابنرێت، ڕاستیەكەی ئەوەیە ئێمە لە بەڵێن و كۆبوونەوەی بێ سوود ماندوو بووین و پێویستە كۆبونەوەكە جیددی و یەكلاكەرەوە بێت، ئەگەر وەڵامی پێشنیارەكەش نەدەنەوە ئەوە قسەیەكی دیكەمان دەبێت.

٭ بەڵام مالیكی بەشداربوون لەهەر كۆبوونەوەیەكی مەرجدار ڕەتدەكاتەوە. ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ شكستهێنانی كۆبوونەوەی نیشتیمانی لەبەغدا،ئایا ئێوە پێشبینیی بەشداریكردنی مالیكی دەكەن لە كۆبوونەوەیەكدا كە ئێوە داوەتنامەی بۆ بنێرن و دەتانەوێ یەكلاییكەرەوە و ڕاشكاوانە بێت بەدوور لە موجامەلە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: كۆبوونەوەیەكمان دەوێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە و باشتركردنی ڕەوشەكە، ئەگەر مالیكی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، ئەوە ئێمە مانەوەی مالیكی لە حوكم ڕەتدەكەینەوە و پێویستە ڕاشكاوبین، چیدیكە بوار بۆ موجامەلە و دیپلۆماسیەت نەماوە یان دەبێت ڕەوشەكە چارەسەر بكرێت یان دەبێت بەرەنگاری ڕەوشێك ببینەوە كە قبوڵناكرێت و تیایدا تاكە كەسێك دەستی بەسەر هەموو دەزگاكانی دەوڵەتدا گرتووە و بەپێی خواستی خۆی ڕەفتار دەكات و كەسانی دیكە پەراوێز دەخات و بە سەرۆك وەزیرانیش دەمێنێتەوە ئەمە بەهیچ جۆرێك قبوڵناكرێت.

٭ ئێوە مالیكی بەكەسێكی قۆرخكاری دەسەڵات دەزانن، كێ لەم مەسەلەیەوە بەرپرسە؟ كێ لەسەری بێدەنگ بوو تا مەسەلەكە گەیشتە ڕادەیەكی قبووڵنەكراو؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: من بەرپرسیارێتی دەخەمە ئەستۆی هێزەكانی دیكە، وەك لەوەی مالیكی بەبەرپرسیار بزانم، هێزەكانی دیكە بێدەنگبوون و چاویان لە ڕەفتارەكانی پۆشی. مالیكی هێواش هێواش دەسەڵاتی لەدەستی خۆیدا كۆكردەوە و هاوكات كەسانی دیكە بێدەنگ بوون. ئێستا مالیكی سەرۆك وەزیرانە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەو تەئكیدی دەكەمەوە حاكمی سەربازی گشتی و وەزیری بەرگریی و ناوخۆ و بەڕێوەبەری هەواڵگریە، دواجار داوای لە سەرۆكی بانكی ناوەندی كردووە دامەزراوە سەربەخۆكەی بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بلكێنێت دەسەڵاتی دیكە چی ماوە مالیكی لەدەستیدا نەبێت، ئەی دیكتاتۆریەت چۆنە؟

٭ بەمەترسی وهۆشدارییەوە باسی گەشەسەندنی سوپای ئێراق دەكەن، مەترسییەكانتان لەچیدایە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: دەستوور دەڵێت سوپای ئێراق موڵكی هەموو ڕۆڵەكانی گەلە و دەبێ هاوسەنگی تیادا هەبێت، پێویست بوو ژمارەی فیرقەكانی سوپا پێنج تا شەش فیرقە بێت، ئێستا زیاتر لە 16 فیرقە هەیە، سەرەڕای چەندین هێزی تایبەت كە هەموویان سەر بە ئۆفیسی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، واتا مالیكی كە سەرپەرشتی سوپاش دەكات نە وەزارەتی بەرگریی و نە سوپاسالار هیچ پەیوەندییەكیان بەو پرسەوە نەماوە. بەپێی دەستوور پێویستە قائیدی فیرقە بەڕەزامەندیی پەرلەمان بێت، بالەپەرلەمان بپرسین بەسەرۆك و بەئەندامەوە كام قائیدی فیرقە بەو شێوە دەستوورییە دامەزرێنراوە؟ لەوە زیاتر چ پێشێلكارییەك بۆ دەستوور؟ لەوەش ترسناكتر ئەوەیە واخەریكە سوپا لەسەر كولتووری وەلا بۆ تاكە كەسێك بنیات دەنرێت و ئەوەش كارەساتە و هەندێك كەس لە كۆبوونەوەیەكی سوپادا گوتویانە ئەگەر چەكی پێشكەوتوویان دەستبكەوێت ئامانجیان دەركردنی كورد دەبێت لە هەولێر و سەلاحەدین (بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم) ئەو قسانە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی گشتیی هێزی چەكدار گوتراوە.

٭ بەئامادەبوونی مالیكی؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەڵێ بەئامادەبوونی ئەو ئەو قسەیە گوتراوە بەم دەقە:ئەگەر فڕۆكەی ئێف 16 و تانكی پێشكەوتوومان دەستبكەوێت كورد لە هەولێر دەردەكەین ومالیكیش قسەیەكی مەترسیداری لەمجۆرەی ڕەتنەكردۆتەوە، بۆیە پێویستە گرژی لە بارودۆخی ئێراق نەمێنێت و ئەو هەوڵە ترسناكانە بۆ گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت بوەستێنرێت.

٭ بەڵام سوپاسالار و سەركردەی هێزی فڕۆكەوانی كوردن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەڵێ ڕاستە كوردن، بەڵام هیچ دەسەڵاتێكی فیعلییان نییە، ئەوان تەنها بە ناو وجوودیان هەیە بەبێ هیچ چالاكی و بزاوتنێكی ڕاستەقینە جا لە بڕیاردان بێت یانیش لەجێبەجێكردنی بڕیار و بەردەوامیش دەسەڵات لە ئەفسەر و پلەدارانی كورد وەردەگیرێتەوە.

٭ ئەو لایەنانەی پاڵپشتیی مالیكی دەكەن پێچەوانەی قسەی ئێوە دەكەن،ئەوان لووتكەی سەرانی عەرەب بە نموونەیەك بۆ هێزی مەزنی كورد لەئێراق دادەنێن، سەرۆك جەلال تاڵەبانی سەرۆكی لوتكەی سەرانی عەرەب بوو،سەرۆكی كۆنگرەی وەزیرانی دەرەوە هۆشیار زێباری بوو، سەرۆكی كۆنگرەی ئابووری وەزیری بازرگانیی ئێراق بوو كە ئەویش كوردە، ئەوەیان چۆن دەبینن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: با من چیرۆكێكت بۆ بگێڕمەوە، كاتێك شێخ مەحموودی حەفید بوو بە مەلیكی كوردستان دوای ئەوەی بەریتانیا بەوە ڕازی بوون سەربەخۆیی بدەنە كوردستان، نوێنەری حكوومەتی بەریتانیا چووە لای و گوتی: خاوەن شكۆ تۆ پادشای و من ڕاوێژكارتم، با من سەرپەرشتیی دامەزراندنی فەرمانبەران و پۆلیس و دارایی بكەم و با پرسەكانی دیكەش لەبەرپرسیارێتیی ئێوە بێت گەورەم، شێخ وەڵامی دایەوە و گوتی: وەرە تۆ ببە مەلیك ومن دەبمە ڕاوێژكار. مالیكی بەهەمان شێوە ڕەفتار دەكات، ئەو بەبێ ئاگاداریی سەرۆكی كۆمار و پەرلەمان كە شوێنی ڕاستەقینەی دامەزراندنی ئەوانە قائیدی فیرقە دادەمەزرێنێت، بەملیارەها دۆلار گرێبەستی كڕینی چەك ئیمزا دەكات كەس نازانێت، سووپایەكی یەك ملیۆنی دروستدەكات كە وەلای تەنها بۆخۆی بێت بەبێ ئەوەی سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان ئەو شتە بزانن، بەهەوەسی خۆی پارەی دەوڵەت بەكاردێنێت، بێتاوان تاوانبار دەكات وبەیەك نووكە قەڵەم تاوانبار دەبێتە كەسێكی زۆر چاك و دەزگای قەزاییش بە نووسینگەكەیەوە پەیوەستە، لێرەدا دەپرسین كێ لەهەبوونی3 كورد لە سەرۆكایەتیكردنی چالاكییەكانی لووتكەی عەرەبی سوودمەندە؟ مالیكی بابەتەكەی بۆ سوودی خۆی بەكارهێنا.

٭ لەكاتێكدا بارزانی بەتوندی لەدژی تاكڕەویی مالیكییە دەبینین سەرۆك تاڵەبانیی دۆست وهاوڕێگای لە موجامەلەی مالیكی نزیكترە، ئایا تاڵەبانی هەمان ڕای لەگەڵ ئێوەدا هەیە لەبارەی مالیكییەوە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: لەوانەیە جیاوازییەك لە دید و بۆچوونەكاندا هەبێت، بەڵام ئێمە هیچ ناكۆكییەكمان لەنێواندا نییە، لەوانەیە لەشێوازی چارەسەریدا جیاوازی هەبێت بەڵام هیچ ناكۆكییەكمان لەنێواندا نییە.

٭ لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەممار حەكیم ئێوە باستان لەوەكرد كەسانی فاشیل ئەمڕۆ لە بەغدا هەن، حەكیمیش هیچ وەڵامێكی نەبوو. ئەمەش بەڵگەیەكی بەڕەزامەندی نیشاندا، ئایا ئەمە هاوپەیمانییەتییەكی تازەیە لەنێوان كورد و شیعەدا بەبێ مالیكی؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: هاوپەیمانییەكە هەیە تەنانەت لەگەڵ حزبی دەعوەش كە ڕێزم بۆ قوربانییەكانی هەیە، ئێمە هیچ ناكۆكییەكمان لەگەڵ حزبی دەعوەدا نییە وزۆركەسیش هەوڵیدا ئەو ناكۆكییە وا تەفسیر بكات گوایە ناكۆكییەكی شەخسییە لەكاتێكدا كە ناكۆكییەكە لەبارەی شێوازی حوكم وئیدارەیە جا هەركێ فەرمانڕەوا بێت كورد بێ سوننە بێت یان شیعە.من بەشەخسی هیچ گرفتێكم لەگەڵ مالیكیدا نییە و بەهەموو شێوەیەكەوە ئەو قسانە ڕەتدەكەمەوە گوایە ئێمە لەدژی شیعەدا دەوەستین، ئێمە هاوپەیمانی شیعەین وهاو زوڵمین و مێژووی خەباتی هاوبەشمان زۆر لەوە گەورەترە كەسێك دەستكاریی بكات، من گوتم ئەو شیعانەی ناسیومانن هەمیشە لەگەڵ ئێمە وەستاون شیعەی ئال حەكیم، شیعەی موریدانی هەردوو شەهید محەمەد باقر ومحەمەد سادق ئەلسەدر هەمیشە لەڕۆژانی خۆشی وناخۆشیدا لەگەڵماندا وەستاون، ئێمەش ئەوكات وئێستاش لەیەك خەندەقدایە لەگەڵ ئەوان و پەنا بەخوا هیچ كەسێك لە تێكدانی پەیوەندیی كورد وشیعەدا سەرناكەوێت.

٭ تەیارێكی ناوەڕاستی شیعە هەیە كە توانیویەتی ڕایەكی جەماوەری لەدژی كورد پێكبهێنێت و هەمیشە هێرشی سیاسی و میدیایی لەدژی ئێوەدا دەكات و واش دیارە هاوپەیمانانتان لە ئالی حەكیم وسەدر كاریگەرییان بەسەر وەڵاندانەوەیدا نەبووە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: لەبەرامبەریشدا لە كوردستان مەدێكی جەماوەریی زۆر فراوان هەیە لەدژی مالیكی و سیاسەتی بەرامبەر بە كوردستان، ئەگەر ئەو دەیەوێ پەیوەندیی مێژوویی كورد وشیعە تێكبدات ئەو لەوە بەرپرسە،ئێمە پەیامێكمان ئاراستەی برایانی شیعە كرد وگوتمان ئێمە بەیەكەوە لەیەك خەندەقداین، بەڵام ئەگەر ئەوان بكەونە ژێر كاریگەری قسە و ساختەی ئەوانی دیكە ئەوان بەرپرسن،ئێمە لەسۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە دەپرسین : مالیكی چیی بەبرایانی شیعە پێشكەشكردووە؟چ خزمەتەتگوزارییەك پێشكەش بەوان كراوە؟ئێمە داوای باشتركردنی خزمەتگوزاری لە تەواوی ئێراقدا دەكەین و مەسەلەكەش بۆ من ئێراقی و كوردییە، ئەگەر لە شیعە و لە سوننە و لە كورد كەسانێك هەبن لە دژی من بوەستن ئەوە شتێكە پەیوەستە بەوان و من ئەوپەڕی متمانەم بەقسە و كردەوەكانی خۆمەوە هەیە.

٭ كەواتە دەچنە نێو لیستێكەوە وەكو هاوپەیمان بۆ سەندنەوەی متمانە لەمالیكی؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: هەموو هەوڵێك دەخەمە گەڕ بۆ سازدانی ئەو كۆبوونەوەیەی ئاماژەم پێیكرد و بۆدۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانە، بەڵام ئەگەر كۆبونەوەكە ئەنجام نەدرێت و هەموو لایەنێك بیانووی جیاواز بهێنێتەوە، من ئامادەنیم و گەلی كورد ئامادەنیە بینەر بێت و چاوەڕوانی بەڵێنە نەزۆكەكان بكات، ئێمە بڕیارێكی دیكەمان دەبێت و پێویستە ئەمە وەكو ئیستیفزاز و هەڕەشە لێكنەدرێتەوە، من لەم بابەتەدا جدیم: دەگەڕێمەوە بۆ گەلی كورد و ئەوان لەمبارەیەوە بڕیار دەدەن.

٭ ڕیفڕاندۆم لەبارەی دەوڵەتی كوردییەوە دەكەن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئێمە هەوڵ دەدەین سەرەتا ڕەوشی ئێراق ڕاستبكەینەوە بە جێبەجێكردنی ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، دیاریكردنی چەند ڕێوشوێنێك بۆ حوكم و دروستكردنی هاوبەشیەكی ڕاستەقینە، بوونی چەند وەزیرێك لە حكوومەتدا شەراكەت نییە، وەزیرەكان لەلای مالیكی فەرمانبەرن و ئەمە قبوڵناكرێت، هەروەها مەسەلەكانی مادەی 140 ی تایبەت بە چارەسەركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان و یاسای نەوت و غاز، پێشمەرگە، سەرەڕای ئەوانەش پابەندبوون بە دەستوور و شەراكەت و دیموكراتی و دەرچواندنی پەیڕەویكی ناوخۆ بۆ ڕێكخستنی كاری ئەنجومەنی وەزیران لەئارادایە.سوپاش پرسێكی زۆر گرنگە نابێ ئاوا بەمشێوەیە بمێنێت، یەك ملیۆن مرۆڤی چەكدار وەلایان بۆ یەك كەس بێت ئەمە لەخۆیدا كارەساتێكی گەورەیە كە كەس ئاگای لێی نییە، بۆیە دەڵێم، ئەگەر برایان ئامادەن بارودۆخەكە چارەسەر بكەن ئەوە بۆ هەموومان باشترە بەڵام ئەگەر لە بەرپرسیارێتی سڵدەكەنەوە و قبووڵی بارودۆخی ئێستا دەكەن ئەوە بەهیچ شێوەیەك لای ئێمە قابیلی قبووڵ نییە و پێشموانییە بكرێ لەوە ڕوونتر بم، بەهەر نرخێك بێت ئێمە ڕێگە نادەین دیكتاتۆرییەت بۆ ئێراق بگەڕێتەوە، ئەگەر لە وەستاندنی دیكتاتۆرییەت شكستمان هێنا ئەوكات نابینە بەشێك لە ئێراقێك كە دیكتاتۆرێك حوكمی بكات.

٭ وا پێدەچێت پرسی نەوت وغاز پرسی سەرەكیی سەرهەڵدانەوەی قەیرانەكە بێت بەڵكو دەگوترێ هۆكاری قەیرانەكەی ئەمجارە ئەو هۆشدارییەیە كە حكوومەتی ئێراق ئاراستەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبێلی كرد بەبیانووی ئەوەی بەبێ ویست وزانیاریی ئەو گرێبەستی لەگەڵ ئێوە ئیمزا كردووە، ئایا ئەم كۆمپانیایە دەستی لەهەرێمی كوردستان كشاندەوە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: گرفتەكە زۆر لە هاتنی ئیكسۆن مۆبێل كۆنترە،باڕاشكاوانەتر بم، كەسانێك هەن لەدژی پێشكەوتن سەركەوتنی كوردستان دەوەستن ئەگینا مەسەلەكە دەستووری ویاساییبوونی گرێبەستەكان نییە، ئێمە زیاتر لەجارێك دووپاتمان كردەوە ئێمە پابەندی دەستوورین ونەوت وغاز موڵكی هەموو ئێراقە، ئێمە لە شوباتی 2007 لەسەر پرۆژە یاسایەك ڕێككەوتین كە بچێتە پەرلەمان ولەوێ دەنگی پێبدرێت، بەڵام ئەوان گۆڕانكارییان تیادا كرد. پرۆژە یاساكە پاشكۆیەكی تیادابوو دەیگوت: ئەگەر تا مانگی 5 ی هەمان ساڵ ئەو یاسایە دەرباز نەبوو هەردوولا واتا بەغداو ئێمەش ئازاد دەبین لە ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان. ئەمەش ڕێككەوتنێكە لەنێوان من ومالیكیدا وكاتێك مەسەلەكە گەیشتە تەواوبوون ئێمە حوسێن شەهرستانیی وەزیری نەوتی ئەوكاتەمان داوەتی ڕێوڕەسمی كردنەوەكە كرد بەتایبەتی كە بۆڕییەكە بەو بۆڕییە نەوتەوە بەستراوە كە بەرەو توركیا دەڕوات، بەدیدی من وەستان لەدژی پێشكەوتنی كوردستان كاریگەریی لە بۆردومانكردنی كوردستان بەچەكی كیمیاوی و پرۆسەی ئەنفال لەدژی كورد كەمتر نییە، هەمان دوژمندارییە. من لە ساڵی2005 پەیامێكی نووسراوم ئاراستەی مالیكی كرد وتیایدا ئەوەم خستەڕوو كە كۆمپانیا ئەمەریكاییەكە دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆ بكات. ئەمەش یارمەتی وپاڵپشتییەكی زۆری بۆ ئێراق هەیە هیوادارم بەڕێزتان ئاگادار بن و لەگەڵ بوونی هەر تێبینییەك ئاگادارم بكەنەوە، ئەگەر لەگەڵ كۆمپانیاكە گەیشتینە هەر ئەنجامێكی كۆتایی ئاگادارت دەكەمەوە. لەگەڵ چوونی گفتوگۆكان بۆ قۆناغێكی یەكلاییكەرەوە پەیامێكی دیكەم بۆ مالیكی نارد و ئاگادارم كردەوە كە ئێمە گەیشتینە ئەنجامی گرنگ لەگەڵ گۆمپانیاكە بەشێوەیەك كە سوود و خێرێكی گەورەی بۆ ئێراق تیادایە و هەواڵێكم لەلایەن ئەوەوە پێگەیشت بەوەی ئەمە شتێكی باشە بۆ ئێراق.

٭ پەیامێكی فەرمی بوو؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: نەخێر بەڕێگەیەكی ناڕاستەوخۆ بوو، بۆیە لەمەولا پێویستە هەر ڕێككەوتنێك نووسراو و ئیمزاكراو بێت، چونكە مالیكی بەوپەڕی ئاسانییەوە خۆی لە ڕێككەوتنەكان دەدزێتەوە، لەناكاو قیامەت هەستایەوە و لێدوانی ئیستیفزازی لەلایەن شەهرستانییەوە كەوتە بەر دیدی ڕاگەیاندن لەوكاتەی كە پێویستە ئێمە لەحكوومەتێكدا بین حكوومەتی شەراكەتی نیشتیمانی بێت، بەڵام شەهرستانی هەموو حكوومەت نییە بەڵكو تەنها نوێنەرایەتیی خۆی دەكات و پرسە حكوومییەكان گفتوگۆكانی نێو ئەنجوومەنی وەزیران دیاریی دەكەن نەوەك شەهرستانی خۆی بكاتە حاكمی ئێراق. ئەمە بەرەو پرسیارێكمان دەبات : نیو تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2003ـەوە داخلی بودجەی ئێراق بووە، ئەم هەموو پارەیە چیی بەسەرهات؟كێ لەخەرجكردنی بەرپرسیارە؟ دۆسێی زۆر هەن باس لە دزینی پارەی دەوڵەت و گەل دەكەن، بەڵام ئێمە بێدەنگ بووین و ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێراق هەموو ئەو ڕاستییانە بزانن. كاتێك ئەوان هەڕەشە لەو كۆمپانیایە یان ئەوەی دیكە دەكەن ئەوە قابیلی قبووڵ نییە، قبووڵیش نییە شەهرستانی وا ڕەفتار بكات وەكو ئەوە وابێت كوردستان عایدی خۆی بێت، بۆیە من گوتم حوكمڕانانی بەغدا فاشیلن ومن جارێكی دیكە دەپرسم : هاووڵاتیی ئێراقی ڕۆژانە چەند كاتژمێر كارەبای هەیە؟

٭ شەهرستانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەقاچاغی نەوت تۆمەتبار دەكەن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: من داوام كرد لیژنەیەكی هاوبەش لەپەرلەمانی فیدراڵ و پەرلەمانی كوردستان پێكبێت بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی سەكتەری نەوت لەسەر ئاستی هەموو ئێراق بەوەی چی لەو سەكتەرەدا ڕوودەدات؟ دەستكەوتەكان چین؟ زیاتر لە 20 بلیۆن دۆلار بۆ كارەبا چیی بەسەرهات؟ با بۆ شەهرستانی ڕوون بێت كە ناتوانێ بە ویستی خۆی كوردستان حوكم بكات.

٭ هەندێك لەسیاسەتمەدار و چاودێران دەڵێن شەهرستانی بەئەنقەست دوژمنداریی كورد دەكات بۆ ئەوەی ئەزموونەكەتان نەبێتە ڕێنیشاندەر بۆ وڵاتانی دیكە؟پێتانوایە ئەو ئەجەندایەكی دەرەكی جێبەجێ دەكات؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەڵێ شەهرستانی بەشێوەیەكی ئاشكرا دژایەتیی كورد دەكات وئەجەندایەكی زۆر ڕێكخراوی لەمبارەیەوە هەیە، بەڵام من بەهیچ شێوەیەك بە جێبەجێكردنی ئەجەندایەكی دەرەكی تاوانباری ناكەم.

٭ بەڵام ئەو كە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكدەخات و جێگری سەرۆكی وەزیرانە و وەزیری نەوتیش مومكینە ئەو بەبێ زانیاریی ڕاستەوخۆی سەرۆك وەزیران ئەو ئەجەندایە جێبەجێ بكات بەتایبەتی كە بەقاچاغی نەوت و زەرەركردنی 5 بلیۆن دۆلار تاوانبارتان دەكەن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەڵێ بەڕەزامەندیی مالیكی بوو، ئێمەش لەو مەسەلەیەدا بێگومانین، ئەو بەردەوام دەڵێ من سیاسەتی دەوڵەت جێبەجێ دەكەم ئەمە واتای چییە؟كام دەوڵەتی مەبەستە؟ ئەوانی دیكە خزمەتكارن لای وبەشێك نین لەو حكوومەتە؟

٭ پرسی گرێبەستی ئیكسۆن مۆبێل لە واشنتۆن كۆتایی پێهات؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەشێوەیەكی پۆزەتیڤانە كۆتایی پێهات، من لەگەڵ سەرۆكی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبێل كۆبوومەوە و ئەو ڕایگەیاند كە بە گرێبەستەكانی ئێمەوە پابەندن و پەیوەندیی ئێمەش لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بەردەوامە و ئەو قسانەی دەڵێن گوایە گرێبەستەكە هەڵوەشێنراوە دوورە لەڕاستی.

٭ بارزانی لەگەڵ كێ دەیەوێ هاوپەیمانێتی قووڵتر بكاتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مالیكی ببێتەوە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: هەر لایەنێك باوەڕی بەدیموكراسییەت و فیدراڵیزم وپێكەوەژیان وقبووڵكردنی بەرامبەر هەبێت ئێمە هاوپەیمانی ئەوین جا لەهەر ئاراستەیەكی نەتەوەیی تایفەیی یان ئایینی بێت گرنگ ئەوەیە لەدژی گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت بۆ ئێراق بوەستین.

٭ ماوەیەك لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چووە ئێران، پێتانوایە ئێران ڕەزامەندی لەبارەی گۆڕینی مالیكییەوە نیشانبدات؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: من لەدژی ئەوەم هێز و دەوڵەتانی ئیقلیمی تەدەخول لەهەڵبژاردنی حكوومەتی ئێراق وسەرۆكەكەی و گۆڕینی بكات، جا ئێران بێت یان غەیری ئێران وهەڵوێستی من زۆر ڕوون وئاشكرایە بەوەی هیچ كەسێك بۆی نییە تەدەخول لە دانان وهەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئێراق بكات، لەگەڵ ئەوەشدا من داوادەكەم پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئێران وغەیری ئێران هەبێت، بەڵام تەدەخولكردن قابیلی قبووڵ نییە.

٭ بەڵام نیمچە ڕێككەوتنێك لەسەر ئەوە هەیە كە ئێران ڕۆڵی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی حكوومەتی ئێراقی هەبوو؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئەگەر واش بووبێت، ئێمە پێمانوایە دەبێ ئەو هەڵوێستە بگۆڕدرێت و ئێراقییان خۆیان حوكمڕانانی خۆیان هەڵبژێرن.

٭ نێچیرڤان بارزانی بە چ ئەنجامێك لە تاران گەڕایەوە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: تائێستا من نەمدیوە، بەڵام بێگومان تێبینیی برایانی ئێرانیی بۆ ئێمە هێناوە لەهەمانكاتیشدا تێبینیی ئێمەی بۆ ئەوان گواستەوە و بێگومان بۆچوون هەن وەك یەكن وبۆچوونی ناكۆكیش هەن.

٭ هەڵوێستتان لەبارەی بارودۆخی سووریاوە چییە؟ڕاستە ئێوە مەرجتان بۆ كوردی سووریا داناوە بۆ بەشداریبوون لەو ڕاپەڕینەی ئێستای سووریا بەشێوەیەكی فراوان، ئایا ئەمە ڕاستە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: كورد لە سووریا لەمافی هاووڵاتیبوونیش بێبەشن، ئەوانی دیكە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات ڕادەپەڕن، كوردیش بۆ مافی هاووڵاتیبوون. ئەمەش جیاوازییەكی گەورەیە، پێشتر هەوڵێكی زۆرمان لەگەڵ حكوومەتی سووریا دا بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی بەئینكاركردنی كورد بگۆڕێت، بەڵام زۆر بەداخەوە هیچ شتێك نەگۆڕا،ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئێستا بەناوی شۆڕشگێڕانەوە قسە دەكات، بەڵام هیچ پرۆژەیەكیان لەبارەی مافی گەلی كورد لەسووریادا نییە،بۆیە هەڵوێستی كورد لەسەر پرۆژەی ئۆپۆزیسیۆن وەستاوە.

٭ ئەنجوومەنی بەڕێز بورهان غەلیوونیش؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان : بەڵێ تەنانەت ئەنجوومەنی ئینتیقالیی سووریاش دیدێكی ڕاشكاوانەی نییە،داننانێكی شەرمنانە بەمافی گەلی كورد لەسووریا هەیە، بەڵام كوردی سووریاش بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی دژ بەڕژێمی سووریا دەكەن.

٭ كە لەهەولێر بینیتان چیتان بەبورهان غەلیوون گوت؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: جارێ بەر لەهەموو شتێك ئێمە هیچ بڕیارێك لەشوێنی گەلی كورد نادەین لەسووریا، ئێمە پاڵپشتییان دەكەین و ئەوان بڕیاردەدەن لەگەڵ كێ هاوپەیمانی ببەستن، من بەڕاشكاوی لەگەڵ بەڕێز غەلیوون قسەم كرد وگەیشتمە ئەو قەناعەتەی ئەوان هیچ دیدێكیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گەلی كورد لەسووریادا نییە، كورد نابنە بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنێك ئەگەر زەمانەی گۆڕانكاریی ڕیشەیی بارودۆخیان نەكات ودانیان پێ نەنێت.

٭ لەكۆنگرەی دۆستانی سووریاش لە ئەستەمبۆڵ ئەو شتە نەكرا؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان : نەكرا..بەشەرمنانە ناوی كوردیان هێنا كە ناونەهێنانی باشتر بوو.

٭ چۆن دەڕواننە مەترسییەكانی حكوومەتی ئێراقی بەگەیشتنی هێزە ڕاپەڕیوەكان بۆ دەسەڵات لەسووریا؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بێگومان بارودۆخی سووریا كاریگەریی بەسەر ئێراقەوە دەبێت، برایانی سوننە پێیان وایە مانەوەی ڕژێمی سووریا بەردەوامبوون ودرێژبوونەوەی حوكمی شیعەیە لە ئێرانەوە تا لوبنان و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئەوان، بەپێچەوانەشەوە برایانی شیعە پێیانوایە ڕووخانی ئەم ڕژێمە ئەگەر بەدیلێكی سوننەی بەدوای خۆیدا هێنا ئەوە دەبێتە درێژەپێدەری حوكمی سوننە. ئەمەش هەڕەشەیە بۆ ئەوان بەتایبەتی لە ئێراق ئنجا لەئێران، ئەمەیە ڕاستییەكە، بۆ ئێمەش لەهەرێمی كوردستان ئەمە ناكۆكییەكی تایفەییە و ئێمە تەدەخولی تیادا ناكەین و نابینە بەشێك لێی وڕێگەشی پێنادەین، ئێمە لایەنێكی ناكۆكیی سیاسیین نەوەكو مەزەهەبی.

٭ بەڵام ئێوە لەبارودۆخێكدان كە لەوانەیە لە كاریگەرییەكانی ئەو ناكۆكییە بەدەر نەبن؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: بەڵێ وایە بەڵام ئێمە هیچ كاتێك لە ناكۆكییەكی تایفەییدا لەگەڵ لایەنێك لەدژی لایەنێكی دیكە ناوەستین، بەڵام لە ناكۆكیدا ئێمە تەبەننای دیموكراسییەت ومافی نەتەوەیی بۆ گەلی كورد دەكەین.

٭ ئایا تاریق هاشمی ئێستا بارگرانییە لەسەر ئێوە؟

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان: جارێ ئەمە بەهیچ شێوەیەك گرفتی ئێمە نییە، بەڕێز هاشمی تاوەكو ئێستاش جێگری سەرۆكی كۆمارە و وئیدانە نەكراوە بەداوەتی خودی مالیكی دەڵێت دۆسێی وای لایە ئیدانەی دەكات،دە ئەگەر تاوانبار بێت لەبەرچی ڕێگەیان پێدا بەغدا بەجێبهێڵێت؟ لەبەرچی لەو تاوانانە بێدەنگ بوو؟ لەگەڵ گەیشتنی ئەم پیاوە بۆ كوردستان وای لێهات هەوو لایەك چاودێریی بكات ومنیش ئەوم پاراستووە باشە بۆ داوا لەمن دەكەن دەستگیری بكەم؟ من بەرگری لە هاشمی ناكەم، بەڵام چۆن دەكرێ شەراكەت بەمشێوەیە لێبدرێ؟ من بەرگری لە پرەنسیپی شەراكەت دەكەم . ئەوان باسی كام قەزا دەكەن؟كە زۆر بەئاسانی كەسێكی تاوانبار بێتاوان دەبێت و كەسێكی بێتاوانیش تۆمەتی دەخرێتە پاڵ، بۆیە من هیچ متمانەیەكم بە نەزاهەت وسەربەخۆیی دەزگای قەزایی نەماوە چونكە قەزایەكی بەسیاسیكراوە و ئاراستەكراوە و ڕاستیی خۆی لەدەستداوە تەنانەت ئەگەر بشڵێن ئەم پرسە قەزاییە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەرچوون لەو ئیحراجییە من داوامكرد هەرسێ سەرۆكایەتی لەگەڵ سەرۆكی لیستی ئێراقییە كۆببنەوە و بڕیاربدەن چۆن لەگەڵ ئەو پرسەدا مامەڵە دەكەن بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت ئایا دەستگیری دەكەن ئایا سەفەری توركیا دەكات؟، ئایا لەهەرێمی كوردستاندا دەمێنێتەوە؟ئایا تاوانبارە ؟ بێتاوانە؟دادگاییەكەی دەچێتە كەركووك؟ ئەو هەموو پێشنیارانە ڕەتكرانەوە باشە ئەگەر تاوانباربوونی ئەو كەسە بەدڵنیاییەوە بێت لەبەرچی داوا دەكات بەرەو توكیا ڕابكات و ئەركەكەی ئاسان بكەین؟ئەمە زۆر منی تووڕەكرد و من بەئیهانەیەكی زۆر گەورەم زانی، هاشمی ئازادە و من دوای لێناكەم كوردستان بەجێبهێلێت و گەڕانەوەشی ڕەتناكەمەوە، گرفتەكە لای من نییە ونامەوێ وا دیار بم كە هەمووان یاسا جێبەجێ دەكەن وتەنها من پێشێلی دەكەم. مالیكی باش دەزانێ واتای ئەوە چییە كە كوردستان كەسێكی دەخیل لەباوەشبگرێت، ئەویش لەهەرێمی كوردستان بوو شەرەفێكی زۆر گەورەیە بۆ كوردستان كە ببێتە پێگەی لەباوەشگرتنی ئازادیخوازان وهەرواش دەمێنێتەوە، لەبارەی هاشمیشەوە با هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بڕیاری خۆیان بدەن منیش بەهەر شێوەیەك بێت پابەندی دەبم وجێبەجێی دەكەم، بەڵام قبووڵم نییە گرفتەكە بخرێتە سەرشانی من چونكە گرفتی من نییە بەڵكو گرفتی ئەوانە.