سه‌رۆك بارزانى له‌ په‌یمانگه‌ى واشنتۆن بۆ سیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى نزیك وتارێكى پێشكه‌ش كرد

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1091
image

له‌ په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیك، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر ره‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌، دوای پێشكه‌ش كردنی وتاره‌كه‌ى، سه‌رۆك بارزانی وه‌ڵامی ژماره‌یه‌ك پرسیاری ئاماده‌بووانی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌مه‌ریكا دایه‌وه‌.

له‌ وڵامێكی پرسیارێكی په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیك سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ، سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و جێگره‌كه‌ى ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ پابه‌ندن به‌ عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی و فره‌لایه‌نی هه‌روه‌ها پابه‌ندن به‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان، هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانى گوتیشى ئێمه‌ هیچ كاتێك به‌دواى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ نه‌كه‌وتووین، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵمان بۆ سه‌قامگیرى ئاسایش داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانى بیانى به‌ به‌رده‌وامى له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان په‌یوه‌ندی بازرگانى و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام بده‌ن.

له‌باره‌ى پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش سه‌رۆك بارزانى تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێم به‌رده‌وام به‌ره‌وپێشچوون به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و نموونه‌ش بۆ ئه‌و راستیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ده‌ ساڵى رابردوودا تا ئێستا ئاستى نه‌خوێنده‌وارى به‌ رێژه‌ى په‌نجاو شه‌ش له‌ سه‌دا بۆ شازده‌ له‌سه‌دا گۆڕاوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى ئاسایشى عێراقیش سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن چه‌كدار هه‌یه‌، به‌ڵام كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و، له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌ ئێستا عێراق له‌ قه‌یرانێكى گه‌وره‌دایه‌. سه‌رۆك بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و عێراقه‌ى به‌ خوێنى خه‌ڵكى عێراق هاتووته‌ به‌رهه‌م، تا دواین سات به‌رگرى لێ ده‌كه‌ین.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دیكه‌دا له‌باره‌ى ده‌ستوورى عێراق، سه‌رۆك بارزانى گوتى؛ ده‌ستوورى عێراق ده‌ستوورێكى باشه‌، به‌ڵام رێژه‌ى پابه‌ندبوون به‌و ده‌ستووره‌ زۆر لاوازه‌ و، له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌موومان ده‌نگى خۆمان بۆ ئه‌و ده‌ستووره‌ داوه‌ و من داوام له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كردووه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن و رێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى دیكتاتۆریه‌ت له‌و وڵاته‌دا بگرن و رێكه‌وتنه‌كه‌ى هه‌ولێر جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختیشیكرده‌وه‌ گه‌ر هه‌موو لایه‌ك ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌بوو، ئه‌وا ناچارین هه‌ریه‌كه‌مان بۆ میلله‌تى خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه‌، گه‌ر چاره‌ى كێشه‌كان نه‌كرێت.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى سه‌رۆكى په‌یمانگاى واشنتۆن بۆ رۆژهه‌ڵاتى نزیك، سه‌رۆك بارزانى گوتى: عێراق خۆى ده‌بێت چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى خۆی بكات، نه‌ك په‌نا بۆ ده‌ستێكى ده‌ره‌كى ببرێت و، سه‌ردانه‌كه‌ى من بۆ ئێره‌، هیچ كامێك له‌و ئامانجانه‌ى به‌دواوه‌ نییه‌، كه‌ مه‌به‌ست لێی په‌نابردن بێت بۆ وڵاتێك به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

له‌ وه‌ڵامێكى دیكه‌دا سه‌رۆك بارزانى گوتى: ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ به‌ڵینه‌كان به‌جێ ناگه‌یه‌نرێن و ئێمه‌ش له‌م بارودۆخه‌ بێزار بووین، چونكه‌ هه‌ر به‌ڵێنى بێ كردار ده‌درێن، نموونه‌ش بۆ ئه‌م راستیه‌، خه‌رج نه‌كردنى پاره‌ى كۆمپانیا بیانیه‌كان و یاساى نه‌وت گاز، هه‌ر بۆیه‌ ناردنى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات راگیراوه‌.

له‌باره‌ى قه‌یرانى سووریاش به‌تایبه‌تى پرسی كورد له‌و وڵاته‌دا، سه‌رۆك بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانى له‌ كورده‌كانى سووریا ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ له‌رووى سه‌ربازیه‌وه‌ یان پێدانى چه‌ك ئێمه‌ هاوكارى ئه‌وان بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌درێت به‌شێوه‌یه‌كى دیبلۆماتكاریانه‌ و ئاشتیانه‌ مافه‌كانى كوردى رۆژئاوا پێشێل نه‌كرێن له‌ لایه‌ن هیچ لایه‌نێكه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى 140 له‌ ده‌ستوورى عێراق، سه‌رۆك بارزانى روونیكرده‌ووه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و مادده‌یه‌ چاره‌سه‌رى ته‌واوه‌ بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌، به‌ڵام ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ حكومه‌تى عێراق به‌ به‌رده‌وامى له‌ جێبه‌جێكردنى راده‌كه‌ن و، ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێین ناوچه‌ دابڕاوه‌كان نه‌ك ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، چونكه‌ گومانى تێدا نییه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ كوردستانین و رۆژی چاره‌سه‌ركردنیشیان هه‌ر دێت.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى نێوان توركیا و پارتى كرێكارانى كوردستانیش سه‌رۆك بارزانى رایگه‌یاند، كه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین كێشه‌كانى نێوانیان به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌ك به‌ شه‌ڕ، هه‌ر كاتێكیش زانیمان له‌ شه‌ڕ نزیك ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ نابین به‌ ته‌ڕه‌ف، به‌ڵكو ته‌نها هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ ده‌ده‌ین .

سه‌باره‌ت به‌ پرسیارێك له‌باره‌ى گرتنه‌ ده‌ستى كۆمه‌ڵه‌ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ عێراق به‌ ده‌ست تاكه‌ كه‌سێكه‌وه‌، سه‌رۆكى هه‌رێم رایگه‌یاند: ئێمه‌ هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین كه‌ زۆر پۆست و ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستى تاكه‌ كه‌سێكدا قۆرخ بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ عێراقدا له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانه‌وه‌ به‌دی ده‌كرێت.

له‌باره‌ى پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران و كاریگه‌رى سزادانى له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانى رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ هه‌موو خاڵه‌كاندا ئێمه‌ رێكبكه‌وین، چونكه‌ خاڵى جیاوازیشمان له‌گه‌لأ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا خاڵى هاوبه‌شیشمان هه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى.