واشنتۆن.. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پێشوازیى گه‌رمى لێكرا

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1101
image

به‌رێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆشكى سپى له‌لایه‌ن باراك ئۆباما سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاوه‌ پێشوازى لێكرا و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا هه‌ردوو لا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ره‌وشى ئێستاى عێراق و ناوچه‌كه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نێردراوى كوردستان تیڤى بۆ ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند دواى ئه‌وه‌ى باراك ئۆباما سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆشكى سپى پێشوازى له‌ به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجامدرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوونى خۆى و ولاته‌كه‌ى بۆ پشتگیریكردن له‌ دۆزى گه‌لى كورد راگه‌یاند و ته‌ئكیدى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ ئه‌و پشتگیریانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ى عێراقێكی تازه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسى و شه‌راكه‌تى راسته‌قینه‌ و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور دابمه‌زرێت. دووباره‌ پابه‌ندبوونى ئه‌مه‌ریكاشى به‌و به‌لێن و رێكه‌وتنامه‌ راگه‌یاند كه‌ له‌ رابردوودا له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان هه‌بوویه‌ و تیشكى خسته‌ سه‌ر مێژووى قوربانیدانى گه‌لى كورد كه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ره‌واكانى خۆى خه‌باتی كردوه‌.

راشیگه‌یاند هه‌ر له‌ ساڵى 1991وه‌ پرۆژه‌ى هاوبه‌ش له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و هه‌ردوولاش یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌ و هه‌بوویه‌ ئه‌ویش دامه‌زراندنى عێراقێكى تازه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسى و فیدرالێ و فره‌یی و شه‌راكه‌تى راسته‌قینه‌ له‌ ده‌سه‌لاتدا و پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوور.

هه‌روه‌ها باراك ئۆباما مه‌به‌ستى بوو له‌ نزیكه‌وه‌ راو سه‌رنجى سه‌رۆك بارزانى له‌ باره‌ى ره‌وشى سیاسى ئێستاى عێراق بزانێت و ئه‌و راو سه‌رنجانه‌شى به‌ گرنگ زانى و رۆلى سه‌رۆك بارزانیشى له‌ سه‌رخستنى پرۆسه‌ سیاسى له‌ عێراق و رێكخستنه‌وه‌ی عێراقى تازه‌ به‌ گرنگ وه‌سف كرد و ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانیشى به‌رزنرخاند كه‌ پێكهێنانى حكوومه‌تى ئێستاى عێراق لێكه‌وته‌وه‌. داواشى له‌ سه‌رۆك بارزانى كرد كه‌ بۆ رزگاركردنى عێراق له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ى كه‌ تێستا تێى كه‌وتووه‌ له‌ سه‌ر رۆله‌ گرنگه‌كه‌ى به‌رده‌وام بێت و به‌ پێویستیشى زانى كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان له‌ ئاستێكى باڵا به‌رده‌وام بن.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر ره‌وشى ناوچه‌كه‌ و رووداوه‌كانى سووریا و هه‌ردوولا ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ گه‌لان به‌ ئازادى ده‌سه‌لاتى خۆیان هه‌لبژێرن.

له‌ كۆتایدا سه‌رۆك بارزانى بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ى كه‌ له‌ به‌رێزیان و گه‌لى كورد كراوه‌ سوپاسى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكاى كرد و راشیگه‌یاند هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شێك بوویه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و هه‌میشه‌ هه‌وڵى داوه‌ عێراق به‌ره‌و ولاتێكى دیموكراسى و فره‌یى و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور ببات.

ته‌ئكیدیشى كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.


هه‌ر له‌ كۆشكى سپى به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن جۆزێف بایدن جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ پێشوازى لێكرا , له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ سێ سه‌عاتى خایاند , ڕه‌وش و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ باسكران .

serok u jo baidin.jpg

له‌ دۆسییه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا , وێراى خستنه‌ڕووى پێشكه‌وتنه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانى هه‌رێمه‌كه‌ , په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و ئاینده‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ شیكرانه‌وه‌ , له‌ دۆسێه‌ى عێراقیشدا , كێشه‌ و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ى ڕوو له‌و ووڵاته‌ ده‌كه‌ن , تاوتوێكران و هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆك كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكاش , چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كان و ڕزگاركردنى عێراقیان له‌ قه‌یرانه‌كانى,به‌ زه‌رووره‌تى پابه‌ندبوونى هه‌مووان به‌ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراقه‌وه‌ گرێدا .

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مریكاش , جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌ندبوونى ووڵاته‌كه‌ى به‌ تێكڕاى به‌ڵێن و ڕێككه‌وتنه‌كانى نێوان هه‌ردوولا , خواستى خۆیی و ئیداره‌ى حكومه‌ته‌كه‌یی , به‌ فراوانتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و دانانى به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ , نیشاندا , پاش كۆتایی هاتنى كۆبوونه‌كه‌ش , بۆ ڕێزلێنان له‌سه‌رۆك بارزانى نیوه‌ڕۆخوانێكى ڕه‌سمى له‌ كۆشكى سپى ڕێكخرا و تیایدا وێڕاى شاندى یاوه‌رى سه‌رۆك بارزانى , جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا و ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت و كۆشكى سپى ئاماده‌ی بوون ..