ده‌قی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی كوردستان و سه‌رۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1167
image

خەبات:محەمەد زەنگەنە

 

دوای تەواوبوونی ئەو كۆبوونەوەیەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان وسەید عەممار حەكیمی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی ئێراقیی كۆكردەوە هەردوو بەڕێزان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاكامی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو و دووپاتیان لەسەر پتەویی پەیوەندیی نێوان كورد وشیعە كردەوە.

پەیوەندییەكانمان پتەون

لەبەرایی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەرۆكی كوردستان وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسگوزاریی بۆ سەید عەممار حەكیم دووپاتیكردەوە پەیوەندییەكی پتەو كورد و شیعە كۆدەكاتەوە و ئەو پەیوەندییەش بۆ سەردەمی ئیمام موحسین ئەلحەكیم دەگەڕێتەوە كاتێك بەڕێزیان قسەو گوشارەكانی شۆڤێنییانی بە دەركردنی فەتوا بۆ كوشتنی كورد ڕەتكردەوە، سەرۆك بارزانی گوتی:

بسم الله الرحمن الرحیم

خۆشحاڵ و سەرفرازم بە ئامادەبوونی برای بەڕێز سەید عەممار حەكیم و بەخێرهاتنی دەكەم كە نەوەكو میوان بەڵكو وەكو برایەكی بەڕێز ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدایە، برایەك كە خۆشماندەوێت وڕێزی لێدەگرین، بەڕێزیان میراتگری خانەوادەی بەڕێزی حەكیمە كە چەندین قوربانیی بۆ ئەم وڵاتە داوە.

سەردانی برای بەڕێزمان سەید عەممار هەڵوێستە بەرزە مرۆییەكانی باپیری بەڕێزیان ئیمام موحسین حەكیممان دێنێتەوە یاد كاتێك لەساڵی 1963 شەڕی لەدژی كوردی حەرام كرد ئەوكاتەی گەلی كوردستان تووشی گەورەترین هێرش بوو لەلایەن شۆڤێنیان كە ئەوكاتە حوكمڕانی بەغدا بوون و ئەو فەتوایەش كاریگەریی زۆری هەبوو هەروەها بەشانازییەوە دەمەوێ تیشك بخەمە سەر پەیوەندیی نێوان هەردوو خوالێخۆشبوو ئیمام حەكیم و مەلا مستەفا بارزانی.

سەردانی برامان سەید عەممار بۆ كوردستان بۆبەشداریكردن لەساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە و هاوبەشیكردنی خەمی ئەو گەلە نوێكردنەوەی ئەو هەڵوێستە مرۆییانەیە، بەناوی خۆم وبەناوی گەلی كوردستانەوە بەخێرهاتنی برای ئازیز سەید عەممار دەكەم بەخێربێن بەسەرچاو.

دەرفەتێكی گرانبەها

پاشان سەید عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی ئێراق دەرفەتی دیداری لەگەڵ سەرۆكی كوردستان بە دەرفەتێكی دڵخۆشكەر وەسفكرد ودووپاتیكردەوە گەلی كوردستان هەمیشە جێگەی ڕێزە و مێژووی هاوبەش شایەدیی پتەویی پەیوەندیی نێوان كورد و شیعە دەدەن و گوتی:

بسم الله الرحمن الرحیم

دیداری ئەمڕۆمان جەنابی سەرۆك بە دەرفەتێكی دڵخۆشكەر وگرانبەها دەزانن ئێمە شانازیی پێوە دەكەین، ئەمڕۆ جارێكی دیكە دیدارمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان وگەلی كوردستانی ئازیز نوێ دەكەینەوە، ئێمە مێژووێكی درێژی خەباتی هاوبەشمان بڕی كە تیایدا خوێنی هەموومان تێكەڵی یەكتر بوو و لەو مێژووە دوور و درێژەدا خەباتمان لەپێناوی ڕووبەڕووبوونەوەی دیكاتۆرییەت وستەمكاری كرد لەئێراق بۆ هێنانەدیی سیستەمی دیموكراتیی فیدراڵی كە هەموو ئێراقییان تیایدا بەیەكەوە بژین و بەباشترین شێوە كۆمەڵگای خۆیان بونیاد بنێنەوە،ئێمە ئەمڕۆ و دوای ئەو هەموو ساڵانەی خەبات وقوربانیی هاوبەش بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ڕاست ئەو نیشتیمانە بونیاد بنێینەوە ئەو بنەمایانەی لەدەستووری ئێراقیدا داماننا هەروەها ئەو تەوافوقە سەرەكییانەی لەگەڵ دەستووردا دەگونجێن، ئێمە ئەمڕۆ سروشتی مەینەتیی ئێراقییان دێنینەوە یادی خۆمان وبەرپرسیارێتیی نیشتیمانیی خۆمان دەخەینەڕوو بۆ چارەسەركردنی ئەو مەینەتییانە ئەمە جگە لەیەكخستنی دیدی نیشتیمانیی ئێراقی لەبارەی واقیعی ئەمڕۆی ئێراقیدا، واقیعی خۆمان لەسەر ئاستی ناوخۆ یەكبخەینەوە و دیدی هەموولامان بەرامبەر بەو دۆسێیە گرنگانە یەكبخەینەوە بەتایبەتی دۆسێی هەرێمی، دیداری ئێمە دیدارێكی دۆستانەی قووڵ بوو تیایدا پەیوەندیی دووقۆڵیمان خستەڕوو ئەمە جگە لەگرنگیی بەردەوامبوون لەنێوان هەموو ئێراقییان كە دەربڕی بەرژەوەندییەكی نیشتیمانی بێت عەرەب و كورد وتوركمان، باشوور وباكوور كۆبكاتەوە،ئەم پەیوەندییەش سوود و بەرژەوەندیی بۆ هەموو ڕۆڵەكانی گەلی ئێراق هەبوو لەهەموو پێگەكاندا، بۆیە لەو دەرفەتەدا هاوبەشیی ڕاستەقینە و خۆشەویستیی نیشتیمانیی نێوان ئێراقییان نوێ دەكەینەوە و بە جیددی كار بۆ پتەوكردنی دیموكراسییەت و فرەیی و بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان دەكەین، دیداری ئەمڕۆمان دەرفەتێكی گرنگ بوو بۆ باسكردنی پرسی نێوخۆیی و دۆسێیە پەیوەستەكان لەوانەش كۆنگرەی سەرانی عەرەب و ئامادەكارییە پێویستییەكان بۆی بۆ ئەوەی گرنگییەكی گەورەی سیاسی بداتە واقیعی ئێراقی ودەرفەت بەئێراق بدات بۆ هەبوونی ڕۆڵێكی گەورە لە كاری هاوبەشی عەرەبیدا. سوپاس بۆ بەڕێزتان جەنابی سەرۆك و هیوادارین هەمیشە بەردەوام بین بۆ خزمەتی ئێراق وئێراقییان.

گەشبینی بە ئایندە

عەممار حەكیم لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بەراوردی ئێستا و ساڵانی حەفتاكان نەیشاردەوە واقیعی ئێراقی ئەمڕۆ واقیعێكی ئاسان نییە و گولڕێژ نەكراوە بەڵاك گەشبینیی خۆیشی بەئایندەی ئەو وڵاتە نیشاندا بەچارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەی ڕەتكردەوە واقیعی ئێستای ئێراق لەواقیعی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی بیستەم بچێت كاتێك حكوومەتی ئێراق لەجێبەجێكردنی بەندەكانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار پاشگەزبۆوە وگوتی: واقیعی ئێمە كوڵڕێژ نەكراوە و ئاسان نییە بەڵام من گەشبینم بەئایندە، ڕاستە گرفتی زۆر هەن، ماددەی گرنگی دەستووری هەن كە پێویستە بەیاسا ڕێكبخرێن، تەمومژاوی یاخود فرە خوێندنەوە و ئیجتیهاد لەبارەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی فیدراڵ وهەرێم وپارێزگاكان هەیە كە پێویستە بەشێوەیەكی جیددی هەموومان بەیەك دەنگ چارەسەریان بكەین بەدیدێكی نیشتیمانیی یەكگرتوو لەسەر بنەمای دەستوور بەپشت بەستن بەدەستوور وسەوابیتە نیشتیمانییەكان بەڵام بارودۆخی ئێستا لەگەڵ بارودۆخی ساڵانی حەفتاكان بەراورد ناكرێت چونكە ئەمڕۆ هێزی نیشتیمانی لەگۆڕەپانی سیاسیی ئێراقیدا هەن كە كاریگەرییان زۆرە، سیستەمێكی دیموكراتی هەیە و سەندووقی دەنگدان بڕیاردەری سیستەمی سیاسییە و دەستووریشمان هەیە كە ئەركێكی زۆرمان بۆ سەرخستنی كێشا وگەلیش دەنگی بۆ دا و ئێستاش ئێمە لەبەردەم چەندین گەرەنتی داین بۆ هێنانەدیی پرۆژەی نیشتیمانی و چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان.

جیاوازی لەنێوان ئێستاو ساڵانی حەفتاكان

لەلای خۆشییەوە سەرۆكی كوردستان ئەو بەراوردەی ڕەتكردەوە و نیشانیدا ئێستا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا و نەیشاردەوە جیاوازی لەنێوان هەرێمی كوردستان وبەغدا لەسەر چەند پرسێك هەیە بەڵام دووپاتیشكردەوە دەستوور حەكەمی چارەسەركردنی كێشەكانە و هیچ تەنازولێكیش نییە لەبارەی ئەو ئەرك و مافانەی دەستوور لەبارەی هەرێمەوە ئیقراری كردووە.

 و گوتی: جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئێستا و بارودۆخی بەر لە 40 ساڵ هەیە،لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا جیاوازییەكان زۆرن،دەستوور بنەمایەكی باشە،بەڵێ لەوانەیە جیاوازی لە ڕوونكردنەوەی خاڵەكانی هەبێت یانیش ویستێك هەبێت بۆ جێبەجێنەكردنی ئەم دەستوورە بەڵام هەر بە بنەمایەكی پتەوی دادەنێین چونكە زیاتر لە 80%ی گەلی ئێراق دەنگی بۆ دا بۆیە مومكین نییە دەستبەرداری ئەو دەستوورە بین وهیچ بەدیلێكی بۆ قبووڵ ناكەین، لەو دەستوورەشدا هاتووە (ئەو دەستوورە زامنی پاراستنی یەكبوونی ئێراقە) بۆیە ئێمە دووپات لەسەر پابەندبوون بەدەستوور دەكەینەوە و بەمەرجەعی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی دادەنێین.

تاوانەكانی دەرهەق بەكورد لەناوچە دابڕێنراوەكان

ماوەیەكی زۆرە تاوانی تیرۆریستان دەرهەق بە كورد لەناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتی لە جەلەولا و سەعدییە بەردەوامە و ڕۆژانە كوردێكی زۆر دەكوژرێن و بەدەیەها خانەوادەش ناچار دەكرێن زێدی باو و باپیرانیان جێبهێڵن بەشێوەیەك كە هەڕەشەیەكی زۆر لە مانەوەی ئێراق دەكات بەیەكگرتوویی، لەمبارەیەوە عەممار حەكیم لەوەڵامی پرسیارێكی خەبات گوتی: پێویستە بە ڕێوشوێنی یاسایی سنوورێك بەرامبەر بە هەر ڕەفتارێك دابنرێ كە لێرە یان لەوێ لەدژی هەركەسێك بكرێت،پێویستە پابەندی یاسا بین و بگەڕێینەوە سەر بنەما ڕاستەكان بۆیە پێمانوایە پابەندبوون بەدەستوور دەروازی سەرەكیی دەرچوونە لەو كێشانە.

گرێبەستە نەوتییەكان یاسایی ودەستوورین

ئەگەرچی دەستوور بە شێوەیەكی ئاشكرا مافی هەر هەرێمێكی لە ڕەفتاركردنی بە سامانی سروشتیی خۆی نیشانداوە بەڵام هێرشكردنە سەر كوردستان بەبیانووی نایاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەكانەوە جگە لەدژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان وهەوڵدان بۆ لاوازكردنی هیچ واتایەكی دیكەی نییە، سەرۆكی كوردستان لەوەڵامی پرسیارێكی خەبات لەبارەی لێدوانەكانی وەزارەتی نەوتی ئێراقی بەرامبەر یاساییی ودەستووریی گرێبەستە نەوتییەكانەوە گوتی: دەمەوێ دووپات لەسەر پرسێكی گرنگ بكەمەوە ئەویش ئەوەیە لێدوانی هەر بەرپرسێك لێرە یان لەوێ مومكین نییە كاریگەری بخاتە سەر پەیوەندیی مێژووی نێوان كورد و شیعە،ئێمە هاوپەیمان وهاوبەشین و هاوپەیمانیمان لەئەنجامی زوڵمی هاوبەش و مێژووی پڕ لەشانازیمانی كرد لەخەباتكردن لەدژی دیكتاتۆرییەت بەڵام بەداخەوە هەوڵی زۆر لەلایەن كەسانێكەوە هەن بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندییە و بێگومان شكست دێنن، لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكانیش دووپاتیدەكەمەوە هیچ گرێبەستێك نییە لەدژی دەستوور بێت وپرسەكەش دەستووری بوون ونەبوونی ئەو گرێبەستانە نییە بەڵكو نییەتی خراپ هەن لەدژی پێشكەوتنی كوردستان ئەمەش بە دیدی من مەترسی و كاریگەرییەكەی لەئەنفال كەمتر نییە.

ستایشی ڕۆڵی خانەوادەی حەكیم

سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی خانەوادەی حەكیمی كرد لەبەرامبەر بەرگریكردن لەكورد و هەبوونی هەڵوێستی مرۆیی بەرامبەر بەم گەلە و گوتی: پەیوەندیمان لەگەڵ خانەوادەی حەكیم بەهێز و پتەوە و بەهیچ شتێك تێكناچێت، بناغەی ئەم پەیوەندییە لەسەردەمی ئیمام حەكیم وبارزانیی گەورە دەگەڕێتەوە،دواتر بەردەوام بوو لەگەڵ شەهید سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم و دواتر خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەكیم و ئەمڕۆش سەید عەممار حەكیم وەك دەگوترێ(خیر خلف لخیر سلف)، هیوای زۆرمان بەسەید عەممار حەكیم هەیە بۆ بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییە وپەنا بەخوا لەوەش زیاتر بەرەوپێشی ببات. وئێمە متمانەمان بەهەر دەستپێشخەرییەك هەیە كە سەید عەممار حەكیم پێشكەشی بكات.

پرۆژەی بەسڕا وەكو پایتەختی ئابووریی ئێراق

سەید عەممار هیوای خواست هەمیشە لەجێی متمانەی گەلی كورد و سەركردایەتیی سیاسیی كورد بێت و دووپاتیشكردرەوە ئەوان هەمیشە پرۆژەی نیشتیمانییان هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو ڕێڕەوە هەڵانەی بەهەر هۆیەك كاریگەرییان خستبێتە سەر پرۆسەی سیاسیی ئێراقەوە هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئەوان ئەمڕۆ دەستپێشخەریی بوونی بەسڕا بەپایتەختی ئابووریی ئێراقییان گەڵاڵە كردووە و لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا باسیان لێوە كردووە و گوتی: هیوادارین سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەشێوەیەكی ئیجابی ڕای خۆیان لەسەر بدەن تا ئێمەش مافی ڕاستەقینەی بەسڕا بدەین چونكە ئەوشارە زیاتر لە 70 %ی داهاتی بودجی ئێراق پێكدێنێت و تاكە ڕێگەی ئاوییە بۆ ئێراق.

مەسەلەی هاشمی

سەرۆكی كوردستان بەشێوەیەكی ڕوون وئاشكرا دووپاتیكردەوە پرسی هاشمی پرسێك نییە تایبەت بێت بەخۆی یان بەهەرێمی كوردستان بەڵكو گرفتی هەموو ئێراقە و گوتی: من ئەمڕۆ جارێكی دیكە پێشنیاری خۆم نوێ دەكەمەوە بەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیی ئێراق لەمبارەیەوە كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە چونكە بەردەوامبوونی بەمشێوەیە یان چارەسەركردنی بەڕێگایەكی ناتەوافوقی لەنێوان هەرسێ سەرۆكایەتیدا لەوانەیە بگاتە ئەنجامێكی زەرەرمەند بەئێراق و جارێكی دیكە دووپاتیدەكەمەوە كە پێویستە هەر سێ سەرۆكایەتی ئەو گرفتە چارەسەر بكەن. من دڵنیام ئێستا تاریق هاشمی بچێتەوە بەغدا ناتوانن هیچی لێبكەن، هیچیشی لێنەكەن لەلای دیكەوە دەبێتە گرفتێكی گەورە بۆ خۆیان بۆیە بەهەموو شێوەیەكەوە حەزدەكەن وانیشانبدەن گرفتەكە تەنها هی هەرێمی كوردستانە، دەبێ كۆتایی بەم مەسەلەیە بێت وقبووڵی ناكەم بگوترێت تەنها گرفتی هەرێمی كوردستانە و دەبێ چارەسەربكرێ بەبڕیاری هەر سێ سەرۆكایەتی. من نە بەرگری لە هاشمی دەكەم ونە تاوانباری دەكەم بەڵام گرفتەكەی بەهەموو ئێراقەوە پەیوستە و هەردەبێ چارەسەربكرێت.بەڵام بەبۆچوونی من پرسەكە لایەنێكی سیاسیی هەیە وبێگومان هەموو لێدوانەكانی میدیا ڕاست نییە و شتی دیكەی تەمومژاوی هەن.

ڕاپۆرتی لیژنەی چاكسازی

سەرۆكی كوردستان گوتی: لیژنەی چاكسازی لەكاری خۆی بەردەوام دەبێت تاوەكو هەرسێ دەزگای سەرەكیی نەزاهە و چاودێریی دارایی و داواكاری گشتی دابمەزرێن یان كارابكرێن، لەوانەیە هەندێكیان دامەزرابن یان بناغەیان هەبێت بەڵام كارانین ودەبێ كارابكرێن ئەوكات هیچ پێویستییەك نامێنێت بۆ بەردەوامبوونی ئەم لیژنەیە. ئەو ڕاپۆرتە بۆ ئەوە نییە خەڵكێك بێدەنگ بكەین ئێمە جیددین لەو مەسەلەیە و باوەڕمان پێیەتی وئەوانەی تاوانبارن داواكاری گشتی بەرپرسە لەوەی بیانداتە دادگا و داگا چارەنووسیان بەتاوانباربوون یان بێتاوانی دەدات بەڵام هیچ كەسێك نییە لەسەرووی یاسا بێت وهەركەسێك دەستی لەگەندەڵی هەبێت دەدرێتە دادگا.

پرسی نەوت وغاز

سەرۆكی كوردستان تیشكی خستە سەر مافی هەرێمی كوردستان لەپرسی نەوت و غاز ونیشانیدا دەستوور دەڵێ ئەو سامانە و داهاتەكەشی موڵكی هەموو ئێراقە و ئەمە هیچ گرفتێكی نییە و هیچ گومانێكی تیادا نییە و گوتی: دەستوور دەڵێ : كێڵگە تازەكان هەرێم بەهاوكاریی حكوومەتی ئێراق ئیدارەی دەكات وئەمەش هیچ گرفتێكی نییە، لەشوباتی 2007 پرۆژە یاسایەكی نەوت وغاز ئامادەكرا بچێتە پەرلەمان، لەو پرۆژەیە پاشكۆیەك هەبوو دەڵێ :ئەگەر ئەم پرۆژە یاسایە تا مانگی 5 لەپەرلەمان دەرباز نەبوو هەردوولا بۆیان هەیە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت ئیمزا بكەن واتە ئێمە هیچ شتێكی دوور لەدەستوورمان نەكردووە، ئێستاش ئێمە داوا دەكەین ئەو یاسایە بەو شێوەیەی كەلەسەریدا ڕێككەوتووین بچێتە پەرلەمان بەبێ دەستكاری بەڵام دووبارەی دەكەمەوە مەسەلەكە دەستووری بوون ونەبوونی ئەو گرێبەستانە نییە بەڵكو كەسانێكن ئەمڕۆ لەبەغدا پەیدابوون پێیان وایە خۆیان حاكمی ئێراقن وخەڵكی دیكە هیچ نین وخۆیان بڕیاردەرن ونایانەوێ كوردستان پێشبكەوێ ئەمەش لای من شتێكی زۆر ترسناكە.

كۆنگرەی نیشتیمانی، هەنگاوی یەكەم

عەممار حەكیم كۆنگرەی نیشتیمانیی ئێراقیی بەهەنگاوی یەكەمی چارەسەریی گرفتەكانی ئەمڕۆ ئێراق دانا و دووپاتیكردەوە ئامادەكردن بۆ ئەو كۆنگرەیە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ پێشخستنی واقیعی سیاسی زەروورەتی سەرەكییە كە پێویستە بەگرنگ بزانرێت وگوتی: لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نیشتیمانی چەندین كۆبوونەوەی گرێداوە و لەوانەشە سبەی دوایین كۆبوونەوەی ببەستێ هیوادارین بگاتە ئەنجامێكی باش بۆ دانانی كاتێكی دیاریكراو بۆ ئەو دیدارە نیشتیمانییە و هیوادارین ئەم كۆبوونەوەیە ئەنجامێكی باش بپێكێت و پرۆسەی سیاسی بەرەو پێشبخرێت وگرفتەكان چارەسەربكرێن.

شەفافییەت لە گرێبەستەكانی نەوت

سەرۆكی كوردستان گوتی: من لەگەڵ ئەوەدام هەموو گرێبەستەكانی نەوت شەفاف بن وبێگومان ئۆپۆزیسیۆن لەپەرلەمان دەتوانن هەرچی بیانەوێ داوا بكەن،دەتوانن بانگهێشتی وەزیری سامانە سروشتییەكان بكەن و گلەییەكانیانی پێ بڵێن نەوەكو شتی شاراوە لەمیللەت هەبێت وهیچ كەس ڕێگەی لەكەس نەگرتووە.