سه‌رۆک بارزانی کلیلی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1303
image

سلێمان پشده‌ری/له‌نده‌ن

هه‌روه‌کو ڕوون و ئاشکرایه‌ لای هه‌موو لایه‌کمان هه‌ر له‌سه‌رده‌می کۆنگره‌ی معاره‌زه‌ و تا سه‌رده‌می ڕوخانی ڕژێم و پێک هێنانی مه‌جلیسی حوکم و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری نوێ و پێکهێنانی حکومه‌تی ئینتیقالی و دواتر یه‌که‌م حکومه‌تی هه‌ڵبژێراوی جه‌ماوه‌ر و دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، تا ئه‌مڕۆش کلیلی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کان لای سه‌رۆک بارزانی بووه‌ توانیویه‌تی هاوکێشه‌ی سیاسی عێراقی نوێ یه‌ک بخات.

هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ که‌ بینیومانه‌ له‌ کاتی دروست بوونی هه‌ر کێشه‌یه‌ک یان هه‌ر پێشهاتێک له‌ عێراق په‌نا بۆ سه‌رۆک بارزانی ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌، نه‌ک ته‌نها لای هێزه‌ سیاسیه‌کانی عێراق به‌ڵکو ووڵاتانی ئیقلیمی و ئه‌مریکا و به‌ریتانیاش سه‌رۆک بارزانی به‌ کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی عێراق ده‌زانن.

بێگومان ئه‌م جاره‌ش بێبه‌ش نه‌بووه‌ له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کان، ئه‌مڕۆ که‌ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنی 7/3 ماوه‌یه‌کی زۆر درێژی خایاند و هێشتا حکومه‌ت پێک نه‌هاتووه‌، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی دروست کردووه‌ له‌ نێوان لیسته‌ سه‌رکه‌وتووه‌کاندا و به‌تایبه‌تیش سێ لیستی عه‌ره‌بی سونه‌و شیعه‌ له‌ سه‌ر ڕازی نه‌بوونی هیچ لایه‌ک له‌ ده‌ستبه‌ردار بوونی سه‌رۆک وه‌زیران به‌تایبه‌تی نێوان لیستی ئه‌لعێراقیه‌ و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌بینین هه‌ردوولا په‌نا بۆ کورد ده‌‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵدا بکات و بتوانن ڕێژه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنن وحکومه‌ت پێک بهێنن چونکه‌ هیچ کامیان به‌بێ کورد ناتوانن حکومه‌تی داهاتوو پێک بهێنن، ئه‌مه‌ش دووباره‌ ده‌یسه‌لمێنێت که‌ کلیلی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ سه‌رۆک بارزانیه‌.

به‌ڕاستی ئه‌مه‌ کارێکی هه‌روائاسان و ساده‌ نیه‌ چونکه‌ عێراق که‌وتوه‌ته‌ گێژاوێکی قورسه‌وه‌ و کێشه‌کان زۆر قوڵ بوونه‌ته‌وه‌ له‌ناو یه‌کداو هیچ لایه‌نێکێش ئه‌وی تری قبووڵ نیه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م جاره‌ ئه‌رکی زۆر قورستر که‌وتۆته‌ سه‌ر شانی سه‌رۆک بارزانی و سه‌رکردایه‌تی کورد به‌تایبه‌تی سه‌رۆک بارزانی به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌ و مه‌رجه‌عی لیستی ئیئتیلافی کوردستانیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن عێراق له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگار بکه‌ن، ئه‌ویش به‌ سه‌ردانی سه‌رکرده‌کانی لیسته‌کان یه‌ک له‌دوای یه‌ک بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان و کۆبونه‌وه‌ و چاو پێکه‌وتن و گفتوگۆکردن و بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی و ڕێنمایی کردنیان بۆ ده‌رچوونی عێراق له‌م قه‌یرانه‌ی که‌ تێی که‌وتووه‌، به‌و هیوایه‌ی که‌ جه‌نابیان بتوانێت چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌کان بدۆزێته‌وه‌ و بتوانێت هه‌موولایه‌نه‌کان یه‌ک بخات.

چونکه‌ سه‌رۆک بارزانی به‌یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موو لایه‌ک ده‌کات و هه‌میشه‌ش له‌ هه‌وڵی یه‌ک خستن و یه‌ک ڕیزی گه‌لی عێراق دایه‌ به‌ کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و سه‌رجه‌م ئایین و ئایین زاکانه‌وه‌ و جیاوازی له‌نێوانیان ناکات و پاڵپشتی ته‌ناها له‌لایه‌نێک یان لیستێک ناکات.

هه‌روه‌کو ماوه‌یه‌ک پێش بینیمان سه‌رۆک بارزانی له‌ڕێگه‌ی ئیئتیلافی لیسته‌ کوردستانیه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێشخه‌ریه‌کی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م لیسته‌ براوه‌کان کرد بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ که‌ عێراقی نوێ تووشی هاتووه‌ بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێکی بنکه‌ فراوان که‌ هه‌موو لایه‌ک له‌خۆ بگرێت و مافی هیچ لایه‌نێک نه‌خورێت.

که‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا په‌رۆشی و دڵسۆزی سه‌رۆک بارزانی و هه‌ست کردنه‌ به‌ به‌رپرسیاری به‌رامبه‌ر گشت گه‌لی عێراق به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌کانیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئازادی هه‌موومان له‌ ژێر سێبه‌ری دیموکراتی له‌ عێراقێکی فره‌یی بژین و یه‌کتر قبوڵ بکه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هیچ لایه‌ک زه‌وت بکرێت.

مایه‌ی دڵخۆشیشه‌ که بینیمان‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆک به‌رهه‌می خۆی هه‌بوو توانی هه‌موو لایه‌ک له‌ ژێر ڕۆشنایی ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی به‌ڕێزیان کۆ بکاته‌وه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و له‌سه‌ر یه‌ک مێز بکه‌ونه‌ گفتوگۆ کردن بۆ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ و ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ ئه‌مڕۆی عێراق که‌ هه‌شت مانگه‌ نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.