ووره‌ده‌کاری سه‌باره‌ت کۆنفرانس و کۆنگره‌ ته‌نها مافی ئه‌و حیزبه‌یه‌ که‌ گرێی ده‌دات نه‌ک خه‌ڵکانێک و ڕۆژنامه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1344
image

سلێمان پشده‌ری/له‌نده‌ن

هۆکاری ناونیشانی ئه‌م ووتاره‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاتی نزیکبوونه‌وه‌ی گرێدانی کۆنگره‌ی سێزده‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ و کۆنفرانسات بۆ ئه‌ندامانی به‌شداربووی کۆنگره‌ به‌سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی پێ هات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ جێگای سه‌رنج و تێڕوانین نوسین و مانشێتی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ی که‌ خۆیان به‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاری ئازاد داده‌نێن و به‌ پێوانه‌ی خۆیان موڵکی هیچ لایه‌نێک نین.

وه‌لێ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت ئه‌وانه‌ خۆیان تێکه‌ڵاوی هه‌موو شتێک ده‌که‌ن که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مافی ئه‌وان نیه‌، که‌وتونه‌ته‌ نووسینی شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ له‌سه‌ر مانشێتی گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی کۆنفرانساتی ناوخۆی حیزب له‌ ناو ئۆرگانه‌کانی که‌ ئه‌مه‌ مافی هیچ که‌س و لایه‌نێک نیه‌ ته‌نها پارتی خۆی نه‌بێت چونکه‌ ئه‌وه‌ شتێکه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی پارتی بۆ به‌شداری کردنیان له‌ کۆنگره‌ نه‌ک هه‌ڵبژاردن بۆ حکومه‌ت و په‌رله‌مان و نه‌ مافی که‌سانێکه‌ که‌ سه‌ر به‌ پارتی نه‌بن، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ به‌چی پێوه‌رێک ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر شێوازو به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ ته‌داخول بکه‌ن؟ له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان یان ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی یان فیدراسۆنێک نیه‌ به‌ڵکو ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی حیزبێکه‌.

شتێکی گرنگ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤار و ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ناوی نه‌ناسراو ده‌نووسن و قسه‌ له‌سه‌ر کۆنگره‌ی پارتی ده‌که‌ن پێش ئه‌وه‌ی هیچ شتێک بنوسن یان بڵاو بکه‌نه‌وه‌ ده‌بێ بزانن که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان خاوه‌نی 64 ساڵ خه‌باته‌ و تا ئه‌مڕۆ باڵ باڵێن و خه‌ت خه‌تێن له‌ ناو پارتیدا بوونی نه‌بووه‌ و ناش بێت، هه‌مووی له‌ ژێر چه‌تری یه‌ک سه‌رکردایه‌تی دا کۆبۆته‌وه‌ و خه‌بات ده‌کات ئه‌ویش له‌دوای بارزانی نه‌مر جه‌نابی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیه‌ که‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌و پێناوه‌دا ته‌رخان کردووه‌، هه‌ر هه‌ڤاڵێکیش له‌ کۆنفرانسات ده‌ربچێت بۆ کۆنگره‌ یاخود ده‌رنه‌چێت، هه‌ر هه‌ڤاڵێکی تریش له‌ کۆنگره‌ ببێت به‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یان نه‌بێت به‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی له‌ کۆتایی هاوکێشه‌که‌دا هه‌ر هه‌مووی پارتین و که‌سیان له‌ده‌روه‌ی پارتیدا نین و هه‌ر هه‌مووشی به‌یه‌ک چاو سه‌یر ده‌کرێن له‌لاینه‌ سه‌رکردایه‌تی، کۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ش  به‌ نوێترین شێوازی دیموکراسی و ئازاد پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ چووه‌‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ هه‌ڤاڵ دڵگران بووبێت که‌ ده‌رنه‌چووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ دوای کۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پیرۆزابیی گه‌رمی له‌هه‌ڤاڵانی سه‌رکه‌وتووی سنوری خۆی کردووه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌ و یه‌کتر قبووڵکردنه‌ له‌ناو پارتیدا، شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی کۆنگره‌ به‌شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم و عێراق که‌ میلله‌ت ده‌نگیان دا به‌و که‌سانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ کاریان بۆ ده‌کات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ له‌ هه‌ڵبژارنی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ش له‌ کۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌کاندا هه‌ڤاڵانی پارتی ده‌نگی خۆیان داوه‌ به‌و هه‌ڤاڵانه‌ی که‌ جێی متمانه‌یانن و کاریان بۆ ده‌که‌ن و کاریان کردووه‌ بۆ به‌هێز کردنی پێگه‌ی پارتی، ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراسی ئازاده‌ و هه‌موو لایه‌کیش بێ بگومان ده‌رناچن.

شتێکی تر که‌ گرنگه‌ باسی بکه‌ین ئه‌ویش ده‌بینرێت مانشێتی گه‌وره‌ گه‌وره‌و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و بریقه‌داری پێ ده‌ڕازێنرێته‌وه‌ به‌ نوسینی باڵی کاک نێچرڤان و کاک مه‌سرور و مه‌کته‌بی سیاسی له‌ناو پارتیدا که‌ ئه‌مه‌ خه‌ونی حوشتر و  ناحه‌زان و نه‌یارانی پارتین و ده‌بێ تا ده‌مرن هه‌ر به‌و خه‌و و خه‌یاڵه‌ بژین و هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه‌یان نایه‌ته‌ دی، دڵنیا بن له‌ناو پارتیدا باڵ باڵێن نیه‌ چی ڕێزدار کاک نێچیرڤان، چی ڕێزدار کاک مه‌سرور که‌ هه‌ردوکیشیان ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسین، چی مه‌کته‌بی سیاسیش هه‌ر له‌ به‌ڕێزسکرتێر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌کانی هه‌موو به‌یه‌ک تیم کارده‌که‌ن بۆ هێشتنه‌وه‌ و به‌هێز کردنی پێگه‌ی پارتی له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان و عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیاتر خزمه‌ت به‌ جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌فی کوردستان بکات چونکه‌ ئێمه‌ی ئه‌ندامانی پارتی وا په‌روه‌رده‌ کراوین چه‌ند پارتی به‌هێز بێت هێنده‌ کورد به‌هێز تر ده‌بێت هێنده‌ش به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی میلله‌تی کورد به‌ده‌ست دێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانج و ئاواته‌کانی گه‌لی کورد دامه‌زراوه‌ و خه‌بات ده‌کات که‌ ئه‌مڕۆ به‌شێکی زۆری به‌ده‌ست هاتووه‌.

جا من پێم وایه‌ ئه‌و خۆ تێ هه‌ڵقرتاندن و به‌دواگه‌ڕانه‌ی ئه‌وانه‌ی باسمان کردن له‌سه‌ره‌وه‌ زیاده‌ڕۆیی و خۆ هیلاک کردنی بێ سووده‌ چونکه‌ ئه‌وه‌ پڕۆسه‌یه‌که‌ ته‌نها وابه‌سته‌یه‌ به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌ندام و کادر و لایه‌نگرانی پارتی، هه‌ر بۆ ڕاستی ئه‌و باسه‌م که‌ له‌ناو پارتی باڵ باڵێن نیه‌ له‌ دوا چاوپێکه‌وتنی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی له‌ گۆڤاری گوڵان به‌ڕاشکاوی ئاماژه‌ی پێداوه‌ (نێچیرڤان بارزانی: جیاوازی شێوازی ئیشكردن لەناو هەر حزبێكدا شتێكی زۆر سرووشتیە، لەوانەیە لەناو پارتیشدا شێوازی جیاواز بۆ كاركردن هەبێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە و دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر جیاوازی لە شێوازی كاركردنیشدا هەبووبێت، بەڵام سیاسەتێكی یەكگرتوو بەیەك ئیرادەیی لەژێر سایەی سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی پیادەكراوە، ئەم سیاسەتەش لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە مێژوویانە بووە كە جەنابی سەرۆك هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە، لەم چوارچێوەیەدا لەوانەیە بۆچوون و شێوازی كاركردنیش هەبێت، تا راددەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت، كوتلەو كوتلەكاری لەناو پارتیدا هەبێت، بەڵام خەسڵەتی دروستبوونی پارتی بەتەواوەتی لەوە دوورە، لێرەدا حەزدەكەم ئاماژە بە واقیعێكی ناو پارتی بكەم، لەناو پارتی زۆر به‌ دیموكراتیانە رای خۆمان دەڵێین، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر بەئاسانی تەقەبولی رای جیاواز دەكات و بە ئاسایی وەریدەگرێت، تا ئەو راددەیەی ئەگەر كارێكیش بكرێت لەگەڵ بۆچوونی بەڕێزیشی جیاواز بێت، لەبەر ئەوەی ئامانجێكی داناوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تۆ كوتلەی خۆت هەیە، مانای ئەوە نییە تۆ بیروبۆچوونێكت لەدەرەوەی بیروبۆچوونی پارتی هەیە، هەربۆیە راشكاوانە دەڵێم بیروبۆچوونی هەموومان بیروبۆچوونی پارتییەو هەمووشی لەژێر سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانیدایە. ئەمە پێشتریش لەناو پارتیدا هەبووە و بەردەوامیش دەبێت ).

که‌ ئه‌مه‌ بیر و بۆچوونی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی و مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی پارتیشه‌، ئه‌مه‌ زیاتر ئه‌و ڕۆژنامه‌ و گۆڤارانه‌ دڵنیا ده‌کاته‌وه‌ بۆ جارێکی تر که‌ له‌ناو پارتی دا کوتله‌ و کوتله‌ کاری و باڵ باڵێن نیه‌ و دروستیش نابێت.

جا باشتره‌ له‌مه‌و دوا ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامانه‌ بچن به‌شوێن کاری خۆیاندا بگه‌ڕێن و هه‌واڵی ڕۆژنامه‌وانی ڕووماڵ بکه‌ن نه‌ک خۆیان له‌ کارێک هه‌ڵبقورتێنن که‌ کار و پیشه‌ی ئه‌وان نیه‌.

چونکه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ بۆ حکومه‌ته‌ و نه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌ڵکو بۆ کۆنگره‌ی پارتیه‌ و ته‌نها پارتی دیموکراتی کوردستان و ئۆرگانه‌کان و ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و پارته‌ مافیان هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بکه‌ن.