کۆنگره‌ی سێزده‌ و وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی له‌ ڕووی کوردستان و پارتیدا

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1407
image

سلێمان پشده‌ری/له‌نده‌ن

 

دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌16 ئابی 1946 به‌ڕابه‌رایه‌تی باوکی ڕوحی کورد جه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نه‌مر له‌کات و ساتێکی گونجاو دا بوو بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی دوژمنان و ناحه‌زانی میله‌ته‌که‌مان، نائومێدی و دڵه‌ڕاوکێی له‌ناو خه‌ڵکی کوردستان نه‌هێشت، ئه‌گه‌ر چى وێرانكردنی و سیاسه‌ته‌چه‌وت و ناره‌واكانی رژێمی دیكتاتۆرى ئه‌وسا نه‌یتوانی كار له‌وره‌و ئیراده‌ى به‌هێزى جه‌ماوه‌ر بكات، ئه‌وه‌بوو پاش دامه‌زراندنی پارتی به‌به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌وه‌خه‌ونى دوژمن و ناحه‌زانی خسته‌ژێر گڵه‌وه‌ و خه‌بات له‌ژێر سێبه‌ری پارتیدا ده‌ستی پێکرد زۆر له‌و سه‌رکردانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ناو پارته‌کانی تری کورستاندان ئه‌و کات سه‌ره‌تای خه‌باتیان له‌ناو ئۆرگانه‌جیاجیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ست پێکرد، پارتی بووه‌لانه‌و حه‌وانه‌وه‌ى نیشتمانپه‌روه‌ر و دیموكراتخوازانى عێراق به‌عه‌ره‌ب و توركمان و هه‌موو ئاینه‌کان مه‌سیحی،ئێزیدی بۆ نمونه‌شه‌هید فرانسۆ حه‌ریری و شه‌هید محمود ئێزیدی و زۆری دیکه‌، زه‌مینه‌ى خه‌باتیشیان شان به‌شانى گه‌لى كورد بۆ مه‌یسه‌ر كردن. ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ى سه‌لماند که‌پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیانى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى کوردستان و عێراقه‌ و زامنكارى مافى گشت لایه‌كه‌، پێکهاته‌ی پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌له‌ هه‌موو چین و توێژه‌کان و هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به‌شداریان تێدا کردووه‌ .

هه‌روه‌کو ئاشکرایه‌لای هه‌موومان هه‌موو حیزبێکی سیاسی بۆ به‌هێز کردنی پێگه‌ی خۆی و خۆ ڕێکخستنه‌وه‌و پێداچونه‌وه‌به‌کاره‌کانی پێشوویان داڕشتنی به‌رنامه‌ی نوێ بۆ داهاتوویان پێویستی به‌گرێدانی کۆنگره‌هه‌یه‌، پارتی دیموکراتی کوردستانیش که‌خاوه‌نی 64 ساڵ خه‌باته‌ له‌گۆڕه‌پانی سیاسیدا‌بێ دابڕان و پارتی دایکه‌له‌کوردستان به‌ده‌ر نیه‌له‌و پارته‌سیاسیانه که‌پێویستی به‌گرێدانی کۆنگره‌هه‌یه‌‌, هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌یه‌که‌م کۆنگره‌یه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراسی و هاوچه‌رخ کۆنگره‌یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی خۆی به‌ستووه‌، هه‌ر کۆنگره‌یه‌کیش تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بووه‌، له‌دوای هه‌ر کۆنگره‌یه‌کیش توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست زاڵ بێت به‌سه‌ر هه‌موو کۆسپ و ته‌گه‌ره‌و که‌مو کوڕیه‌کانی که‌هه‌بوون پێش گرێدانی کۆنگره‌.

تا ئێستا دوانزه‌کۆنگره‌ی سه‌رکه‌وتووی به‌ستووه‌له‌ماوه‌ی ئه‌م دوانزه‌کۆنگره‌یه‌دا زۆر هه‌وراز و نشێوی بڕیوه‌و فاکته‌ری سه‌ره‌کی وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستانه‌، ئه‌مڕۆش ده‌بینین که‌هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌ندامانی به‌شداربووی کۆنگره‌ی سێزده‌ده‌ستی پێکردووه‌و دوای تێپه‌ڕ بوونی یازده‌ساڵ به‌سه‌ر کۆنگره‌ی دوازده‌دا، پارتی کۆنگره‌ی سێزده‌له‌مانگی 11 ئه‌م ساڵدا ده‌به‌ستێت به‌مه‌به‌ستی خۆڕێکخستنه‌وه‌و خۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ باور و دۆخی ئه‌مڕۆی کوردستان و عێراق و ده‌وروبه‌ردا، هه‌روه‌ها بره‌و دانی زیاتر به‌دیموکراسی و ئازادی و هه‌ڵسه‌نگاندنی کاره‌کانی پێشوو و ئه‌مڕۆ و داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌و نوێ بۆ داهاتوو.

به‌ستنی هه‌ر کۆنگره‌یه‌ک خۆی له‌خۆیدا نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانکاریه‌له‌حیزبدا، هه‌وروکو بینراوه‌‌پێشتر هه‌ر کۆنگره‌یه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانکاری به‌سه‌ر پارتیدا هێناوه‌خه‌ڵکانێک ڕۆشتوون و خه‌ڵکی نوێ جێگای گرتونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام کۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌وا چاوه‌ڕان ده‌کرێت ده‌سته‌گوڵی کۆنگره‌کان بێت له‌نوێبوونه‌وه‌و و گۆڕانکاری و به‌رنامه‌کانیه‌وه‌به‌هۆی گۆڕانی بارو دۆخه‌که‌له‌گه‌ڵ پێشووتردا.

له‌م کۆنگره‌یه‌به‌گشتی سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامانی پارتی چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن گۆڕانکاری له‌چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی بکرێت زۆر له‌که‌وادری پێشکه‌وتووی لاو و ئافره‌ت بێنه‌پێشه‌وه‌و سه‌رکردایه‌تی بگرنه‌ده‌ست، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌کرێت گۆڕانکاری ته‌واو به‌سه‌ر په‌ێڕه‌و پڕۆگرامی حیزبدا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌بگونجێت.

له‌هه‌مان کاتدا که‌چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری له‌چه‌ندایه‌تی و چۆنیایه‌تی و که‌سه‌کاندا ده‌کرێت ده‌بێ ئه‌وه‌یشمان له‌بیر نه‌چێت که‌که‌وادری کۆن و به‌ته‌مه‌نه‌کان داینه‌موی پارتین و هه‌موو کاتێک به‌شانازیه‌وه‌سه‌یر ده‌کرێن و هیچ کات له‌بیر ناکرێن هه‌میشه‌ش‌جێگای ڕاوێژ و متمانه‌ده‌بن چونکه‌ئه‌وانیش هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌خزمه‌تی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و کوردستاندا سه‌رف کردووه و خزمه‌ته‌کانیان هه‌میشه‌له‌به‌رچاوه‌‌و جێگای ته‌قدیرن.

ئاشکراو ڕوونیشه‌‌دوای هه‌موو کۆنگره‌یه‌ک که‌حیزبێکی سیاسی گرێی ده‌دات جارێکی تر گڕ و تین و هێزێک ده‌دات به‌ئه‌ندام و لایه‌نگران و دۆستانی ئه‌و پارته‌، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت دوای کۆنگره‌ی سێزده‌گۆڕانکاری و گه‌ر‌م و گوڕیه‌کی نه‌وعی به‌سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان دابێت و زۆر له‌جاران به‌هێز تر و به‌توانا تر له‌گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یی کار بکات، بێگومان ئه‌نجامی ئه‌م کۆنگره‌یه‌کاریگه‌ری تایبه‌تیشی ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی هه‌رێم که‌بڕیاره‌ساڵی ئاینده‌ئه‌نجام بدرێت، چونکه‌چه‌ند ڕێکخستنه‌کان به‌هێز بکرێت و به‌توانا تر بن هێنده‌ده‌نگ زیاتر ده‌هێنێت له‌هه‌ڵبژاردندا و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتر ده‌بێت.

كۆنگرە ناوەندێكی دیموكراتییانەی بڕیاردەر و بزوێنەر و خاڵی به‌یه‌ک به‌ستنه‌وه‌ی په‌یوەندیه‌کانه‌ له‌نێوان ڕابردوو و داهاتوودا، بە شێوەیەك كە بۆچوون و بەرنامەی تازه‌لەگەڵ بەرنامە و بۆچوونی ڕابردوو به‌یه‌کتری ده‌به‌ستێته‌‌وه‌.

گەر بە ووردی ته‌ماشای ئەو پڕۆسەیە بکه‌ین، دەبینین كە بەرهەمێكی تازه‌تری پێشکه‌وتوی لێ په‌یدا ده‌بێت كە ئامادەیی زیاتری تێدایە بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ پێشهاتەكان و کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کانی داهاتوو و برەودان بە ژیانی سیاسی ئەو پارتە و درێژەدان و بەردەوامبوونی تەمەنی لە ژیانی سیاسیدا.

شێوازی خه‌باتی ئه‌مڕۆ سه‌رتاپا گۆڕانکاری به‌سه‌رداهاتووه‌، خه‌باتی چه‌کداری گۆڕا بۆ خه‌باتی ده‌نگ دان.

ئه‌مڕۆ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان خاوه‌نی گه‌وره‌ترین پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریه‌ له‌کوردستاندا و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌به‌شێکی گرنگی ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌له‌هه‌رێمدا و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش جه‌نابی سه‌ۆک مه‌سعود بارزانی له‌هه‌مان کاتدا سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌، هه‌ر بۆیه‌خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی پارتی زیاتر چاوه‌ڕوانی له‌پارتی ده‌که‌ن که‌بتوانێت بارو گوزه‌ران و ژیانی هاوڵاتیان به‌هه‌موو چین و توێژه‌کانیه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر به‌رێت و ئازادی و دیموکراسی زیاتر فه‌راهه‌م بکات بۆ هه‌موو تاکێکی کورد، که‌ئازادی و دیموکراسی بڕبڕه‌ی پشتی پارتین هه‌میشه‌پابه‌ند بوون و پشتگیری و پێداگیری کردووه‌له‌و مه‌سه‌لانه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌له‌ساڵی 1946 تا ئه‌مڕۆ.

ئازادی و دیموکراسیش له‌هه‌موو دنیادا پێوه‌ری خۆی هه‌یه‌که‌ده‌بێت بزانرێت چۆن و له‌چی کاتێکدا به‌کار ده‌هێنرێت زۆر جار هه‌یه‌به‌هه‌ڵه‌به‌کارهێنانی ئازادی له‌خانه‌ی ئازادی ده‌رچێت و ده‌چێته‌خانه‌ی بێڕێزی کردن و ته‌شهیره‌وه‌که‌ئه‌مه‌پێی ناوترێت ئازادی به‌ڵکو پێی ده‌ڵێن به‌رهه‌ڵڵایی وه‌به‌هه‌مان شێوه‌ئه‌گه‌ر نه‌زانرێت دیموکراسی چۆن به‌کار ده‌هێنرێت ده‌بێته‌ماڵوێرانی.

به‌هێزی و به‌رده‌وامبوون و مانه‌وه‌ی پارتی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان وه‌کو هێزی یه‌که‌م که‌ئه‌مه‌ش له‌هه‌ڵبژاردنی 7/3 ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌لماندی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌بۆ یه‌ک ڕیزی و یه‌ک بڕیاری له‌نێو سه‌رجه‌م ڕێکخستنه‌کان و ئۆرگانه‌کانی پارتی و نه‌بوونی باڵ باڵێن، به‌تایبه‌تیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌بۆ لێهاتوویی به‌توانایی و حه‌کیمی سه‌رکردایه‌تی کردنی له‌لایه‌ن باوکی ڕوحی نه‌ته‌وه‌ی کورد جه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی نه‌مر و دواتریش له‌لایه‌ن سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی یه‌وه‌، که‌ئه‌مه‌ش پارتی له‌حیزب و ڕێکخراوه‌کانی تری کوردستان جیاده‌کاته‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌ده‌توانین بڵێین کۆنگره‌ی سێزده‌وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی ده‌بێت له‌ڕووی کوردستان و پارتیدا.