مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال له‌ هۆله‌ندا

Decrease font Enlarge font قەبارەی فۆنت
total views:    1200
image

 

ساسان ده‌روێش – هۆڵه‌ندا        
         
له‌ دوای بانگهێشتێکی فه‌رمی له‌لایه‌ن مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی  پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ
(هاری ڤان بۆمڵ)  دۆستی گه‌لی کورد و په‌رله‌مانتاری هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات ، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌وسه‌ردانه‌ زۆر سه‌رکه‌وتوانه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشت له‌ دیداری به‌ڕیز مسعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان  و سه‌رکردایه‌تی سیاسی وبه‌رپرسانی حزبی وحکومی و په‌رله‌مانی کوردستان و  سه‌ردانی ڕۆژنامه‌ی خه‌باتی به‌سه‌رکرده‌وه‌. که ‌ئامانجی سه‌ردانه‌که‌شی کارکردنی زیاتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان دان به‌کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نفال وکیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی وجینۆساید دابنێن وکار بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ کونسولگه‌ری هه‌میشه‌یی وهاندانی کۆمپانیاکانی هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ی کاری وه‌به‌رهێنانی له‌هه‌رێمدا بکه‌ن ، هه‌روه‌ها له16 ی ئاداری ئه‌مساڵدا مۆنۆمێنتێک بۆ یادکردنه‌وه‌ی تاوانی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ وئه‌نفال به‌یارمه‌تیی کوردانی هۆڵه‌ندا دروست بکه‌ن  ، ئه‌م کاره‌ش پێویستی به‌ 2500 ئیمزا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی شار ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌ دروستکردنی ئه‌م مۆنۆمێنته‌دا بنێت له‌لایه‌ن ئه‌وخه‌ڵکه‌ی له‌وشاره‌دا نیشته‌جێن .
له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاری ڤان بومل  له‌ کوردستان بۆ هۆڵه‌ندا ، لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان زانی که‌ به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی کاره‌کانی وتاوتوێ کردنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه شاندێک پێکهاتبوون له‌ به‌ڕێزان ...( عومه‌ر زاوێته‌یی و شێخ سلیمان وشه‌وکه‌ت غازی و ئازاد مه‌جید و شیلان دۆسکی و شێرزاد ڕۆژبه‌یانی و دیندار کۆچه‌ر و ئه‌ژی هیوا و ساسان ده‌روێش ) سه‌ردانی هاری ڤان بومل بکه‌ن له‌ په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا. له‌ ڕۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی 23-2-2012  . 
سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز ( شه‌وکه‌ت غازی )  به‌ ناوی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان ، به‌خێرهاتنه‌وه‌ی( هاری ڤان بۆمل) ی کرد و سوپاسی سازدانی ئه‌م دیداره‌ی کرد بۆ هاتنی ئه‌م شانده‌ که‌ له نزیکه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر‌ ئامانجی هاتنیان بۆ ته‌لاری په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا بکه‌ن .
دواتر( هاری ڤان بومل) به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی شانده‌که‌ی کرد و کورته‌یه‌کی له‌سه‌ر ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ کوردستان و قۆناغی ئێستای مۆنۆمێنته‌که ‌کرد ودواتر له‌گفتوگۆیه‌کی تێروته‌سه‌لدا له‌ نێوان شانده‌که‌ و (  هاری ڤان بومل) ئه‌نجامدرا وبه‌ هه‌موو لایه‌کیان گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی که‌ کاری هاوبه‌شیان به‌ خاڵێکی گرنگ زانی بۆ سه‌ر خستنی پرۆژه‌ی مۆنۆمێنته‌که‌ و به‌ جیهانیکردنی جینۆسایدی کورد. ئه‌مه‌و کۆبوونه‌وه‌که‌ چه‌ند کاتژمێرێکی خایاند و زۆر سه‌رکه‌وتووانه‌ کۆتایی هات .

بۆ زیاتر زانیاری له‌سه‌ر پرۆژه‌ی مۆنۆمێنته‌ که‌ ئه‌م کورته‌ لێدوانانه‌م وه‌رگرت له‌دوای ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ ....

ئامانجی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆی ته‌لای په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا

به‌ڕێز ( شه‌وکه‌ت غازی ) به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان:-
به‌ بڕوای هه‌موومان کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش درێژه‌ پێ ده‌ری هه‌موو ئه‌و چالاکی و کۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆیانه‌ ‌بوو که‌ له‌ ڕابردوودا هه‌ڤاڵانی ئێمه‌ی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتیمان وکۆمه‌ڵێک له‌ چالاکوانی کورد له‌ هۆڵه‌ندا هه‌وڵیان داوه‌ بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌یی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ، له‌ دوای سه‌ردانی هاری ڤان بومل بۆ کوردستان له‌ یه‌نیوه‌ری ئه‌م ساڵدا و دیداره‌کانی به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌ڕیز مه‌سعودبارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان جارێکی تر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ زیندوو بۆوه‌ بۆ زیاتر کارکردن له‌سه‌ری و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌می ئه‌مڕۆش ئه‌م شانده‌مان پێکهانی ،دیار بوو سه‌ردانی ئه‌م جاره‌ی هاری ڤان بومڵ بۆکوردستان جیاوازتر بووبێ له‌ سه‌ردانه‌کانی تری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستانی به‌ خێرایه‌کی ترو پڕ له‌ گۆڕانکاری بینیوه‌ته‌وه‌ له‌ پێشکه‌وتن و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی ڕوونی خۆیی و پارته‌که‌ی به‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یاندوه‌ له‌ پشتگیری کردنی ووڵاته‌که‌ی بۆ کوردستان و هه‌روه‌ها سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی مۆنۆمێنته‌که‌ . ئێمه‌ لێره‌وه‌ وه‌ک ڕاگه‌یاندنی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتیمان  به‌ ووردی  سه‌رنجی سه‌ردانه‌که‌یمان دا به ‌تایبه‌تی ڕۆژانه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ بابه‌تی بڵاوده‌کرده‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌ره‌کی خۆیی و پارته‌که‌ی و ڕۆژنامه‌کانی تری هۆڵه‌ندی به‌تایبه‌تی تراو باسی له‌گه‌شته‌که‌ی ده‌کرد به‌سه‌رکه‌وتووی له‌دیداره‌کانی دا ، دوا قسه‌شمان ئه‌وه‌ بووکه‌‌ جارێکی تر ماڵپه‌ڕێکی تر بکه‌ینه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ و ئیمزاکردنی کوردانی شاری لاهای  که‌ ده‌بێ ته‌نها ده‌نگی ئه‌وان بێ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌که‌ که‌ ده‌بێ له‌ 2500 ده‌نگ که‌متر نه‌بێ بۆ ڕه‌وانه‌کردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی دانهاخ.

بانگه‌وازی دروست کردنی مۆنۆمێنت بۆ هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفال

به‌ڕێز ( عومه‌ر زاوێته‌یی) به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان :-
له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ و به‌شداربوونی هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری هۆڵه‌ندی (هاری ڤان بۆمل) له‌ پارتی سوسیالیست و (فریدتیفین ) له‌ پارتی ئازادی و دیموکراتی ، له‌ کۆنگره‌ی جیهانی به‌ جیهانی ناساندنی جینۆسایدی گه‌لی کورد له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2008 ،داوایان کرد مۆنۆمێنتێک له‌ هۆڵه‌ندا دروست بکرێت بۆ هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفال ،ئه‌م داوایه‌ش له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی فه‌رمی و زۆربه‌ی میدیاکانی هۆڵه‌ندا به‌رگوێی دنیا که‌وت ،ئێمه‌ وه‌ک هه‌ڤاڵانی لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندا له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ ، ده‌ست به‌جێ شاندێکمان پێک هێناو چووینه‌ لای په‌رله‌مانتاران و چه‌پکه‌ گوڵی خۆشه‌ویستیمان پێشکه‌ش کردن بۆ سه‌رخستنی کاره‌که‌یان وهاوکاری کردنیان ،که‌ دواتر لای خۆمانه‌وه‌ ماڵپه‌ڕێکی تایبه‌تیمان کرده‌وه‌ به ‌وه‌رگرتنی ئیمزا و ده‌نگی کورد  و سازدانی کۆڕێکی فراوان له‌ شاری ڕۆتردام بۆ هه‌ردوو په‌رله‌مانتار و ئاماده‌بووانی کورد بۆ زیاتر سه‌رخستنی پڕۆژه‌که‌ و هاوکاری کردنی هه‌مووڵایه‌کمان ،ئه‌مڕۆش درێژه‌پێ ده‌ری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پێشوه‌ که‌ کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین تا سه‌رخستنی پڕۆژه‌که‌. ئێمه‌ وه‌ک هه‌ڤاڵانی خۆمان به‌تایبه‌تی ڕێکخراوی پارتیمان له‌وشاره‌دا  زیاتر ئه‌ندامانمان له‌ شاری لاهای هان ئه‌ده‌ین به‌ره‌ و پیری هه‌ڵمه‌تی کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزای زیاتر بده‌ن بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌که‌ که ‌ئه‌مه ‌داواکه‌رێکی گرنگی نێوکۆبوونه‌وه‌که‌بوو وه‌ هه‌وڵیش ئه‌ده‌ین له‌ پێش یادی هه‌ڵه‌بجه‌ کۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌و شاره‌دا ببه‌ستین بۆ چاو ڕوونی زیاتری کورده‌کان.
 
گرنگی شاری لاهای بۆ هه‌ڵبژاردنی مۆنۆمێنته‌که‌

به‌ڕیز ( شێرزاد یونس ڕۆژبه‌یانی ) ئه‌ندامێکی چالاکی نێو لیژنه‌ی ناوچه‌ی هۆڵه‌ندای پارتی دیموکراتی کوردستان :-
شاری دانهاخ له‌ هۆڵه‌ندا به‌ پایته‌ختی سیاسی ئه‌و ووڵاته‌ ده‌ژمێردرێ له‌ دوای شاره‌کانی تر ،  ئه‌م ناز ناوه‌شی له‌ خۆڕا نیه‌ به‌ڵکو ئامێزی بۆ کۆمه‌ڵیک له‌ باڵه‌خانه‌ی باڵیوزخانه‌کانی دنیا کردۆته‌وه‌  ، هۆکاره‌که‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی به ( ‌ژووری یه‌که‌م و ژووری دووه‌م ) و دادگای نێوده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوی دژ به‌ چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی کیمیاوی، که‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کاندا ئه‌م شاره‌ به ( ‌لاهای) ناوده‌برێ له ‌بری دانهاخ  ، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌کان له‌ چڕبوونه‌وه‌ی  ڕێژه‌ی دانیشتوانی  ،ئه‌م هۆکاره‌شه‌ ئه‌م شاره‌ی له‌ شاره‌کانی تر جیاکردۆته‌وه‌ له‌ ڕێژه‌ی چڕبوونی نیشته‌جێ بوونی خه‌ڵک به‌ جیاوازی ڕه‌نگ و بیروباوه‌ڕ و ئاینی ئاسمانی له‌ نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانی په‌ناهه‌نده‌ که‌ ئێستا هه‌ڵگری پاسپۆرتی هۆله‌ندین ،له‌ نێو ئه‌وخه‌ڵکه‌شدا بوونی کورد دێته‌ باسکردن به‌پێی سه‌رژمێرکردنی ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان بوونی کورد له‌و شاره‌دا به‌ بیست هه‌زار کورد مه‌زه‌نده‌ دکرێ له‌ هه‌ر چوارپارچه‌که‌ی کوردستان، (فرانس ڤان ئه‌نرات ) گه‌وره‌ بازرگانی هۆڵه‌ندی که‌ چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی فرۆشت به‌ ڕژێمی عێراق و دای به‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌م شاره‌دا دادگای کراو به‌ زیندانی گه‌یشت ، له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو هۆکاره‌ گرنگه‌ و بوونی پێگه‌یه‌کی سیاسی ، گونجاوترین شوێن بۆ دانانی مۆنۆمێنته‌که‌ ئه‌م شاره‌یه‌ که ‌نزیک بێت له‌ چاوی سیاسی یه‌وه‌، هه‌تا ئێستاش له‌ هۆڵه‌ندا و شوێنه‌کانی تری ئه‌وروپا شوێنێکی دیاری کراو نیه‌ بۆ کوردانی ده‌ره‌وه‌ که ساڵانه‌ یادی تاوانی هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفالی لێ بکه‌نه‌وه‌ ، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ سه‌رکه‌وتووبێت پێم وایه‌ هه‌نگاوده‌نێت بۆ ووڵاته‌کانی تریش بۆ دروست کردنی .

پێگه‌ی سیاسی پارتی سۆسیالیستی هۆڵه‌ندی

به‌ڕێز ( دیندار کۆچه‌ر ) ئه‌ندامێکی چالاکی ئه‌و پارته‌ یه‌ که‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ ده‌بێ ئه‌ندامه‌ له‌ نێو ڕێزه‌کانی، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌رپرسی قوتابی ولاوانی کورده‌ له‌ هۆڵه‌ندا و ئه‌ندامی پارتی دیموکراتی کوردستانیشه‌:-
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له‌م پارته‌ بکه‌ین ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژووی دروست بوونی که‌ له‌ ساڵێ 1972 هاتۆته‌ دامه‌زراندن له‌ داکۆکی کردن له‌ نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌کان که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ به‌ بیری شیوعیه‌ت هاوکاربێت به‌ڵام به‌پێ ی قۆناغه‌کانی تێ په‌ڕبوونی ئه‌م پارته‌ وگۆڕینی هه‌ندێک له‌ دروشم و ئامانجه‌کانی بۆته‌ پارتێک به‌ بیری سوسیالیستی داکۆکی کاربێت له‌ کرێکاران و نه‌ته‌وه‌ بنه‌سته‌کان، ئه‌م پارته‌ هه‌ر له ‌ده‌وروبه‌ری ساڵه‌کانی هه‌شتا و ڕووداوه‌کانی کاره‌ساته‌ یه‌ک له‌ دوایه‌که‌کانی کورد که‌ گوێ ی دنیا که‌ڕ بوو له‌ ئاست دۆزی کورد ، ئه‌م پارته‌ زۆر به ‌ڕوون وئاشکرا داکۆکی کاربوون له‌ ناوی کورد ، بۆیه‌ ئه‌یمه‌ی کوڕان وکچانی کورد له‌ده‌وری ئه‌م پارته‌کۆبووینه‌وه‌ وبوینه‌ ئه‌ندام وله‌هه‌ڵبژاردنه‌کانداده‌نگیان بۆ کۆئه‌که‌ینه‌وه‌، له‌ ساڵی 2005 له‌ دادگایی کردنی بازرگانی هۆڵه‌ندی( فرانس ڤان ئه‌نرات)  ده‌ورێکی گرنگ وسه‌ره‌کیان هه‌بوو بۆ به‌ره‌وپێش چوونی ئه‌و دادگایی کردنه‌و به‌ هه‌میشه‌یی له‌ هه‌وڵی سه‌رخستنی دۆزی کوردان به‌ تایبه‌تی ناساندنی جینۆسایدی کورد، هه‌ر بۆیه‌ له‌ دوای 2008 یش داواکاربوون بۆ دروست کردنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال،
به ‌هه‌میشه‌ی په‌رله‌مانتارانی ئه‌م پارته‌ له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان پارێزه‌ربوون له‌ ناوی کورد و هه‌موو ساڵ له‌ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌بوونیان هه‌بووه‌ له‌ نێو کورداندا و ووته‌ی ئاشکراو ڕوونیان هه‌بووه‌ بۆ ئیدانه‌کردنی تاوانه‌کانی ڕژێمی پێشوو ،  ئێستاش له‌ هه‌وڵی ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌دان ،له‌کۆی کورسیه‌کانی په‌رله‌مانی هؤله‌ندا ڕێژه‌یه‌کی باشیان هه‌یه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو شدا واده‌بینرێ که‌ زۆرتر له‌ کورسیه‌کان بۆ خۆیان به‌ ده‌ست بهێنن به ‌هۆی زۆربوونی ئه‌ندامانی زیاتر و ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی که‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا  ئه‌م پارته‌ داکۆکی کارن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک.